جۆن كیریی ھۆشداریی لەبارەی ھەڵوەشانەوەی لیبیا دەدات

ئێستا دوو حكوومەت لە لیبیا كارووبارەكان رایی دەكەن و نەگەیشتوونەتە ھیچ رێككەوتنێك.

K24 - ھەولێر:

جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە بەردەمی كۆنگرێسی وڵاتەكەی، ھۆشداری ھەڵوەشانەوەی لیبیایدا.

جۆن كێری، راشیگەیاند: "بەردەوام بوونی دۆخەی لیبیا لەو دابەشبوون و یەكتر رەتكردنەوەی كە ھەیە، بێگومان لایەنی كەم وڵاتەكە بۆ 2 بەش لەت دەكات".

جۆن كێری جەختی لەوە كردووەتەوە، كە تاكە رێگە بۆ بەیەكگرتوویی لیبیا یەكخستنی لایەنە جیاوازەكانە.

 جۆن كێری ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریكا لە چەند مانگی رابردوو ئەو پەڕی تواناكانی خۆی بۆ درووستكردنی حكوومەتێكی یەكگرتوو لە تەرابلس تەرخانكردووە.

لە ئێستا 2 حكوومەت لە لیبیا كارووبارەكان رایی دەكەن و نەگەیشتوونەتە ھیچ رێككەوتنێك.

دوای كۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی لە 20- 10 2011 لە لیبیا، شەڕی نێوخۆ دەستیپێكردووە، لە ئێستادا دوو حكوومەت لە لیبیا بوونیان ھەیە، بەڵام تەنھا یەك حكوومەت لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێنراو.

رێكخراوی داعش لەدوای ئەوەی ناوچەیەكی زۆری لە عێراق و چەند ناوچەیەكی لە سووریا لە دەستدا، ئەو رێكخراوە ھەوڵدەدات پێگەی خۆی لە لیبیا بەھێزبكات و دەست بەسەر نەوتی ئەو وڵاتە دابگرێت.

سەرچاوە: رۆیتەرز داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد