پەرلەمانتارێك: لە عێراقدا پارە و ملیشیا ھەبێت چیت دەوێت بۆت دەكرێت

"گۆڕینی ئەم وەزیرانە ھیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/111a65cb-c270-4438-bb80-1ddbf7228962/karkuk%20-%20kurd.ism/manifest

K24 - كەركووك:

نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە عێراقدا سیستم نەماوە و پارە و میلیشیاکان ھەبن چێت دەوێ بیكە.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) لە بارەی گۆڕانكاریی لە كابینەی حكوومەت لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەممەد عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی  نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: "گۆڕینی ئەم وەزیرانە ھیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت سیستمی عێراق تێكچووە".

گوتیشی: "ئێستا لە عێراق دوو شت رۆڵی ھەیە،  ھێزێکی میلیشیای گەورەت بە دواوە بێت بە ئارەزووی خۆت چیت بوێت دەتوانی بیكەیت، جگە لەمە پارەت ھەبێت لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بە پارە چیت دەوێت بۆت دەكرێت".

ھەر لەسەر ئەو پرسە شاخەوان عەبدڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (كوردستان24)ی گوت: "تا ئێستا وەكوو كورد تێناگەین مەبەستی عەبادیی، لە تەنكۆنكرات چییە؟ دەبێ مەرسومێكمان پێبدات، ئەگەر وەزیرێكی ئێمە كەمتەرخەمە شەرم نەكات و پێمان بڵێت، وەك كورد دەمانەوێت بزانین وەزیرەكانمان لە دوو ساڵی رابردوو ئەدایان چۆن بووە".

پێشتر حەیدەر عەبادیی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، چاكسازیی و گۆڕانكاریی لە پێكھاتەی حكوومەت دەكات، بەڵام تا ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پڕۆژەیەکی ھاوبەشیان نییە کە پێشکەشی حکوومەتی عێراقی بکەن.

ئەمە لە كاتێكدایە حکوومەتی عێراق بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، جگە لە ھەبوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، بەشێک لەوەزیرەکان ھەڕەشەی دەست لە کارکێشانەوە دەکەن و ھەندێك لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، دەنگی ناڕەزایان لێ بەرزبووەتەوە و داوای لێسەندنەوەی متمانە لە حەیدەر عەبادیی دەکەن.

داڕشتنەوە: ھ. م