دوایین ورده‌كاری و زانیاریی له باره‌ی دێربی مه‌درید بزانه
K24 ـ مه‌درید
ئه‌مڕۆ له خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی ئیسپانیای ناسراو به لالیگا، له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ له كات 6:00ـی ئێواره هه‌ردوو یانه‌ی ریال مه‌درید و ئاتڵێتیكۆ مه‌درید به یه‌ك ده‌گه‌ن، له ئێستاوه‌ش سه‌رجه‌م بلیته‌كانی یاریگه فرۆشراون.
ریال مه‌درید له دوایین 9 یارییدا به‌رانبه‌ر ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ته‌نیا یه‌ك سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و له چوار یاریشدا دۆڕاوه، چوار یارییه‌كه‌شی دیكه‌یش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
بارودۆخی ریال مه‌درید
یانه‌ی شاهانه بۆ ئه‌م یارییه تواناكانی كه‌ریم بنزیما و رافائێل ڤارانی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام گاریس به‌یل و مارسیلۆ به‌هۆی پێكانه‌وه ده‌بێت وه‌كو هانده‌رێك له‌سه‌ر په‌یژه‌كانی یاریگه‌وه سه‌یری یارییه‌كه بكه‌ن.
كریستیانۆ و بنزیما به‌ڵێن ده‌ده‌ن
كریستیانۆ و بنزیما كه ئه‌م وه‌رزه به هه‌ردووكیان 41 گۆڵیان له لالیگا بۆ یانه‌ی ریال مه‌درید تۆمار كردووه، به‌ڵێن به هانده‌رانیان ده‌ده‌ن كه ئه‌مشه‌و دڵخۆشیان بكه‌ن و یارییه‌كه ببنه‌وه.
كریستیانۆ له مێژووی به یه‌ك گه‌یشتنه‌كانی له‌گه‌ڵ ئاتڵێتیكۆ 15 گۆڵی له‌و یانه‌یه تۆمار كردووه، به‌ڵام له دوایین 4 یاریدا نه‌یتوانیوه هیچ گۆڵێك له تیپه‌كه‌ی سیمۆنی تۆمار بكات.
زیدان چی ده‌ڵێت؟
زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له باره‌ی ئه‌م یارییه‌وه ده‌ڵێت: ئێمه ئومێدمان زۆره و هێشتا لالیگا كۆتایی پێنه‌هاتووه، دێربی مه‌دریدیش بردنه‌وه و دۆڕانی تێدایه و تا دواسات بۆ بردنه‌وه ده‌جه‌نگین.
زیدان ده‌شڵێت: مارسێلۆ به‌هۆی ته‌واو چاكنه‌بوونه‌وه‌ی له پێكانه‌كه‌ی ئاماده‌ی ئه‌م یارییه نابێت، ره‌نگه دانیلۆی هاونیشتمانی بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی بژارده‌یه‌كی نمونه‌یی بێت،
له هه‌ر حاڵێكدا من متمانه‌م به‌سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی تیپه‌كه‌م هه‌یه.
سیمۆنی چی ده‌ڵێت؟
دیێگۆ سیمۆنی راهێنه‌ری ئه‌رژه‌نتینی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له لێدوانێكدا نیگه‌رانی خۆی له ئاستی تیپه‌كه‌ی پیشانداو رایگه‌یاند له ئاستی تیپه‌كه‌ی رازی نییه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له دوایین 2 یاری رابردوو له لالیگا و چامپیۆنس لیگ تامی بردنه‌وه‌یان نه‌كردووه و له هه‌ردوو یارییه‌كه‌یشدا یه‌كسانبوون.
سیمۆنی ده‌شڵێت: ئه‌مڕۆ ته‌نیا چاومان له‌سه‌ركه‌وتنه‌وه و به‌هیچ ئه‌نجامێكی دیكه رازی نابین.
پێكهاته‌ی پێشبینیكراوی ریال مه‌درید:
گۆڵپارێز: كیلۆر ناڤاس
به‌رگری: كارڤاخاڵ، ڤاران، رامۆس و ناچۆ
ناوه‌ڕاستكار: كروس، مودریچ، ئیسكۆ و جه‌یمس رۆدریگێز
هێرشبه‌ر: كریستیانۆ و بنزیما
پێكهاته‌ی پێشبینیكراوی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید
گۆڵپارێز: ئۆبلاك
به‌رگری: خوانفران، خیمینێز، گۆدین و فلیپی لویس
ناوه‌ڕاستكار: گابی، ئۆگۆستۆ، کوکی و ساول
هێرشبه‌ر: ئه‌نتوان گریزمان و فێرناندۆ تۆرێس
یانه‌ی ریال مه‌درید به 54 خاڵ له خانه‌ی سێیه‌م و ئاتڵێتیكۆ مه‌دردیش به 55 خاڵ له خانه‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی لالیگا ده‌بینرێن.