رووسیا بە دەرفەتێکی دەزانێ بۆ بۆردومانكردنی داعش و نوسرە
K24- ھەولێر:
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دەمانەوێ سوود لە ئاگربەستی نێوان حکوومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وەربگرین بۆ بۆردومانكردنی گرووپەکانی داعش و نوسرە.
جنراڵ سێرگێی رودسكۆی، سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئاگربەست لە سووریا رایگەیاند: "ھەوڵدەدەین سوود لە ئاگربەست وەربگرین بۆ بۆردومانكردنی لایەنە توندرەوەکانی وەكوو داعش و بەرەی نوسرە، دەمانەوێ دەرئەنجامی باش لەو ئاگربەستە بكەوێتەوە و سوودی ھەبێت."
جنراڵ سێرگێی رودسكۆی گوتیشی: "لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا توانیومانە 12 تۆن خۆراك دابین بكەین بە گشتیی 110 تۆن ھاوكاریی گەیاندراوەتە ھاوڵاتیانی سووریا، ھەروەھا پێشبینیی دەكەین لە ماوەی ئاگربەستی نێوان حکوومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ھاوكاریی زیاتر بگەیەنرێتە ئەو ھاوڵاتیانە كە لە لایەن داعش و بەرەی نوسرە گەمارۆدراون".
ئەمە لە كاتێكدایە ھەفتەی رابردوو رژێمی سووریا رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئاگربەستەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە.
داڕشتنەوە: ھ . م