یۆرۆپۆل: چه‌كداره ئه‌وروپییه‌كانی داعش ئاسته‌نگی داهاتووی ئه‌وروپان

K24 - هه‌ولێر:
نزیكه‌ی 5 هه‌زار چه‌كداری بیانی و ئه‌وروپی رێكخراوی داعش، كه له سه‌ربازگه‌كانی رێكخراوه‌كه له عێراق و سووریا راهێنانی سه‌ربازییان كردووه، گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌وروپا و به گوێره‌ی لێدوانی سه‌رۆكی یۆرۆپۆل گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه، ئاسته‌نگی داهاتووی ئه‌وروپایه.
رۆب وه‌ینڕایت، سه‌رۆكی ده‌زگای پۆلیسی ئه‌وروپا (یۆرۆپۆل)، هۆشداری له باره‌ی په‌لاماره‌كانی رێكخراوی داعش ده‌دات له ئه‌وروپا و گوتی: "ئێستا ئه‌وروپا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌ی تیرۆریستی ده‌بێته‌وه و پێشبینی ده‌كه‌ین رێكخراوی داعش و گرووپه تیرۆریستییه هاوشێوه‌كانی، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن و زۆرترین هاووڵاتی سڤیل بكه‌نه قوربانی".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ینڕایت، ره‌تیكرده‌وه ئه‌و هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییانه به هاتنی په‌نابه‌ران ببه‌ستێته‌وه و گوتی: "هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه بیسه‌لمێنێت تیرۆریستان له ریزی په‌نابه‌رانه‌وه خۆیان گه‌یاندبێته ئه‌وروپا".
پێشتریش لیام فۆكس، وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا، ترسی وڵاته‌كه‌ی له هاتنی تیرۆریستان له ریزی په‌نابه‌رانه‌وه نیشاندا و گوتی: "وڵاتانی باشووری ئه‌وروپا، كه په‌نابه‌رانی لێوه‌دێن، زانیاری‌یان له باره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌وه نییه و نازانن ئه‌گه‌ر تیرۆریستان خۆیان خزاندبێته ریزی ئه‌وانه‌وه".
دوای ئه‌وه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌ڵمانیا مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری ئه‌مساڵ رایگه‌یاند، زاتر له 100 په‌یامی ئاگاداری بۆ هاتووه كه تێیاندا ئاماژه به هاتنی چه‌كدارانی داعش كراوه كه خۆیان به په‌نابه‌ر ناونووس كردووه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی چاو به سیاسه‌تی په‌نابه‌راندا بخشێنێته‌وه.
به گوێره‌ی راپۆرتی په‌یمانگی ئابووری و ئاشتی، تا ئێستا نزیكه‌ی 5 هه‌زار چه‌كداری بیانی و ئه‌وروپی رێكخراوی داعش، گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاتانییان له ئه‌وروپا.