نێچیرڤان بارزانی: له تهقاندنهوهى بۆڕيه نهوتييهكه دڵنيا نيين
K24- هەولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، من ناتوانم بڵێم بۆڕى نهوتى ههرێمى كوردستان له لايهن پهكهكهوه تهقێندراوهتهوه، بهڵام لهو ناوچهيه به گشتيى پرۆسهيهكى سهربازى ههيه و بۆڕيهكه كونكراوه بۆ دزينى نهوت. له بارهى مووچهشهوه گوتى: مووچەی مانگی دوو دابەش دەکرێت و پابەندین بەو بەڵێنانەی بە مامۆستایانمان داون.
نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە پیرمام راشیگەیاند: "وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە یان رایدەگەیەنێت بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەکرێت"، گوتیشی: "بە تەئکید بڕیارمان داوە مووچەی مانگی دوو دابەش بکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە مامۆستایان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هەر قسەیەکمان لەگەڵ کردبن ئێمە پابەند دەبین پێوەی".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان 24 لە بارەی کاراکردنەوەی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە داوامان کردبوو لەگەڵ لایەنەکان دابنیشین بە گۆڕانەوە، بەڵام گۆڕان حازر نەبوو لەگەڵ ئێمە دابنیشێ، پێمان خۆشە حازر بن و دابنیشین، بەڵام ئەگەر حازر نەبن هیچ پێشکەوتنێک ناکرێ".
ئاشکراشی کرد: "لەگەڵ یەکێتیی بەردەوام کۆبوونەوەمان هەیە و لە هەفتەی داهاتووشدا لەگەڵیان کۆدەبینەوە".
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی تەقینەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا، گوتی: "عەمەلییەیەکی عەسکەریی هەیە لەو ناوچەیە، بەڵام بە تەئکید ناتوانین بڵێین تەقیوەتەوە، بەڵام بە تەئکید لەو شوێنە کون کراوە بۆ ئەوەی نەوتی لێبدزرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر سوئالەکە ئەوەیە ئایا من دەتوانم تەئیدی ئەوە بکەم کە بۆڕییەکە لە لایەن پەکەکە وە تەقێندراوەتەوە، نەخێر من ناتوانم".
لەبارەی پرسە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆکی حکوومەت گوتی: "ئێمە وەڵاممان داونەتەوە، ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدەن، کە پارەکەی نزیکەی 815 ملیار دینارە، ئێمە بە تەئکید هەرچی نەوت لە هەرێمی کوردستان هەیە تەسیلمیان دەکەین".
سەبارەت بە بڕیارەکانی چاکسازیی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایانی گەیاند و لە وەڵامی پرسیارێک ئایا ئەو چاکسازییانە هەموو کەسێک دەگرێتەوە، نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دا: "بە تەئکید".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ نێوانگیریی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو کە: "لەگەڵ ئیحترامم بۆیان لەو مەرحەلەیە پێویست بەوە ناکات".
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئێران، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستە کردن و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران خواست و گوتی: "ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە خێر بۆ گەلی ئێران بە شێوەیەکی گشتیی و هەموو گەلانی دیکە کە لە ئێران دەژین بشکێتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە لە رێکەوتی 15/2/2016 بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نزیکی شاری رەهای باکووری کوردستان تەقییەوە و بووە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا.
داڕشتنەوە: ئا، ف