توركیا بۆڕ‌یی نه‌وتی كوردستان چاكده‌كاته‌وه

K24ـ هه‌ولێر
وه‌زاره‌تی وزەی توركیا رایگه‌یاند کە دەستیان بە چاككردنه‌وه‌ی هێڵی بۆڕ‌یی گواستنەوەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان له توركیا کردووە.
وه‌زاره‌تی وزەی تورکیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا گوتی: "توركیا ده‌ستیكردووه به چاككردنه‌وه‌ی هێڵی بۆڕ‌یی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان".
وه‌زاره‌تی وزەی توركیا هیوای خواست به‌زووترین كات هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگەی توركیاوه ده‌ستپێبكاته‌وه.
بۆڕ‌یی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان كه لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە نزیکی شاری رەها لە باکووری کوردستان تەقییەوە بە درێژایی چەند مانگی رابردوو رۆژانه 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كورستان و پارێزگای كه‌ركووكی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەگواستەوە.
به‌گوێره‌ی وه‌زاره‌تی وزەی توركیا "ته‌قاندنه‌وه‌ی" بۆڕ‌یی گواستنەوەی نه‌وتی هه‌رێمی كورستان نه‌بووه‌ته هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه چونكه پێشتر ناردنی نه‌وت راگیرابوو، به‌ڵام زیانی ماددی به بۆڕییه‌کە گەیشتووە.
راگه‌یاندراوەکەی وەزارەتی وزەی تورکیا ئاماژه‌ش دەکات کە: "وەزارەتی وزەی توركیا هه‌وڵی چاککردنەوەی بۆڕ‌یی نەوتی کوردستان و پاراستنی ئاسایشی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت دەدات و رێكاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە ده‌گرێته‌به‌ر و پێشبینیی ده‌كات به‌مزوانه هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بە رێگەی ئەو بۆڕییه ده‌ستپێبكاته‌وه".
له دوو ساڵی رابردوودا یه‌كه‌مجاره هێندە تەقینەوەی بۆڕ‌یی نه‌وتی هه‌رێمی كورستان ببێتە هۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەم ماوە درێژە و زیانی گه‌وره‌ی به ئابووریی هه‌رێمی كورستان گه‌یاندووه كه پشتده‌به‌ستێت به داهاتی ئه‌و نه‌وتەوە.
ئه‌مه له كاتێكدایه وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، دوێنێ رایگەیاند: "هه‌وڵێکى ته‌قاندنه‌وه‌ى هێڵى نه‌وتى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌نده‌ى جه‌يهانى توركيا پووچه‌ڵكرايه‌وه".
هاوکات بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی وزەی تورکیا کە دوێنێ بڵاوی کردەوە: هێزه ئه‌منييه‌كان له ناوچه‌ى هه‌زه‌خى سه‌ر به شرناخی (باکووری کوردستان) توانيويانه بۆمبێك له ژێر بۆڕ‌یی نه‌وتى هه‌رێم و جه‌يهان پووچه‌ڵبكه‌نه‌وه.
لای خۆیەوە نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان ره‌تيكرده‌وه په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ پارتى كرێكارانى كوردستان (پەکەکە) درێژ بكات و رايگه‌ياند: "من ناتوانم بڵێم هێڵه‌كه ته‌قێندراوه‌ته‌وه".
گوتيشى: "له‌و ناوچه‌يه به گشتيى پرۆسه‌يه‌كى سه‌ربازیى هه‌يه و بۆڕیيه‌كه كونكراوه بۆ ئه‌وه‌ى نه‌وتى لێ ببڕدرێت، به‌ڵام ناتوانم بڵێم ته‌قێندراوه‌ته‌وه".
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز، ئا: ن.ف