سەركەوتنی كوردێك لە نەغەدە ناڕەزایەتیی ئازەرییەكانی لێكەوتەوە

"سەركەوتنی ئەو كاندیدە كوردە بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی نەتەوەیی لە ناوچەکە گرنگە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/edd296ec-40aa-4b46-b77b-ef031567217f/Shadi%20le%20nexede%20u%20Sno.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

سەركەوتنی كاندیدێكی كورد لە بازنەی نەغەدە و شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێ لە رۆژھەڵاتی كوردستان نارەزایەتی ئازەرییەكانی لێكەوتەوە.

سەركەوتنی عەبدولکەریم حوسێن زادە  كاندیدی بە رەچەڵەك كورد بە دەستەبەركردنی 62 هەزار دەنگ لە بازنەی شارەكانی شنۆ و نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ لە رۆژھەڵاتی كوردستان بووە مایەی دڵخۆشیی كوردەكان، لەبەر ئەوەی دانیشتوانی شاری نەغدە لە ھەر دوو نەتەوەی كورد و ئازەریی پێكهاتوون.

سەركەوتنی ئەو كاندیدە كوردە لە لایەن دەنگدەرانەوە بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی نەتەوەیی لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە.

ھەرچەندە ھەڵبژاردن لە ئێران بە سەر دوو لایەنی ریفۆرمخواز و پارێزگاراندا دابەش بووە، بەڵام لە هەندێک ناوچە فرە نەتەوەکان بۆ خاک و جوگرافیا دەنگ دەدەن.

لە بەشێک لە پارێزگای ورمێ، نەتەوەکان زیاتر بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان دەنگیان داوە، دوو بازنەی ورمێ و نەغەدە - شنۆ لەو بازانانەن بە ئاشکرا ئەم کێبڕكێیەیان پێوەدیارە.

لە بازنەی ورمێ، سێ نوێنەر كورسی ئەنجوومەنی شورای کۆماری ئیسلامییان بەدەستھێناوە، لەو بازنەیەدا دوو نەتەوەی کورد وئازەریی هەرکامیان هەوڵ دەدەن دوو نوێنەریان هەبێت.

بە گوتەی قایمقامیی شنۆ، ئەسعد خزریی، تەنیا لەم شارە 51 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 40 هەزار و 400 کەس دەنگیانداوە.

دەنگدەرانی نەغەدەیی و شنۆیی، دوای دەرکەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و راگەیاندنی ناوی ئەو كاندیدە كوردە شادی و خۆشییان دەربڕی.

لە بەرانبەر سەرکەوتنی ئەم پاڵێوراوە کوردەدا، دوو كاندیدی ئازەریی بە ناوەكانی عەلی زەنجانی و مەهدی ئێمانی تانەیان لە ئەنجامیی هەڵبژاردن دا.

سەركەوتنی ئەو كاندیدە كوردە لە بازنەی نەغەدە – شنۆ دا ناڕەزایەتی ئازەرییەكانی لێكەوتەوە و ئارازییەكان لە بەردەم قایمقامی نەغەدە كۆ بوونەوە، دواتر كاندیدە سەرنەكەوتووەكان داوایان لە لایەنگرەكانیان كرد، بڵاوە بە كۆبوونەوە بكەن، چونكە ئەوان بەنیازن لە رێگەی یاساوە درێژە بە ناڕەزایەتی بدەن.

ئامادەکردن: مستەفا شێخە، داڕشتنەوە: لەیلا قادریی