پارێزگاران: ریفۆرمخوازان سووكن و شوناسیان نییە

ریفۆرمخوازان ماندووبوونیان کۆتاییهات

K24 – ھەولێر:

لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی بەشێك لە بنەکانی دەنگدان لە ئێران، رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران ئاماژەیان بە ئەنجامی ھەڵبژاردن نەكردووە، بەڵام خۆیان بە بڕاوە دەزانن، ھاوكات رۆژنامەكانی سەر بە ریفۆرمخوازانیش باس لە گۆرانكاری جدیی لە ئەنجوومەنی داھاتوودا دەكەن و دەڵێن "تووندڕوەكان" دوور كەوتنەوە.

محەممەد ئیمانیی لە یاداشتی رۆژی رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگاران نووسیوێتی: "كۆی كردەوەكانی رێككەوتنی ناووكی و نا ناووكی حكوومەت لە پاڵ داد و ھاواریی ریفۆرمخوازان لە بەشداریكردنی 33 ملیۆن كەس لە كۆی 55 ملیۆن دەنگدەر كە دەكاتە نزیكەی 60%، ھەموو ئەوانە یەكسانن بە بەشداریی لە ھەڵبژاردنی خوولی ھەشتەم و نۆیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی كە ریفۆرمخوازان ھەردووكیان بایكۆت كردبوو، ئەوەش ئاماژەیە بۆ سووكبوونی ریفۆرمخوازان".

ئەو رۆژنامەنووسە لەسەر ئەو بڕوایەیە: "ئەوەی كە بزووتنەوەی سەوزی یاساشكێن بیت یان بزوتنەوەی بنەوش میانەڕەو یانیش بزوتنەوەی شینی تێكەڵاوێك لەو دووانە جیاوازیی نییە، چونكە لەگەڵ ئەوەی ریفۆرمخوازان بەردەوام دەڵێن ئێمە زۆرینەین و ئێمە لە رادە بەدەرین و بەردەوام رەنگی بۆ دەگۆڕن، بەڵام لە كۆتاییدا دوای ئەو ھەمووە رەنگ گۆڕینە دەستەوداوێنی رەنگی خۆڵەمێشیی دەبن و ھیچ شوناسێكیان بۆ نامێنێتەوە".

ئەو نووسەرە لە درێژەدا دەڵێ: "ئەوەی كۆمەڵێك چەپ بنوێنن و كۆمەڵێك راست و دواتر سیاسەتمەدارێك بە ناوی رێزدار سوورپۆش وەكوو كاندیدی ریفۆرمخوازان بێت و خۆی بە داوێنی رەكابەری وەكوو ناتق نووری و عەلی لاریجانی ھەڵواسێ، دەتوانین بڵێن گەڕانەوەی ریفۆرمخوازان بۆ ھەڵبژاردن لەگەڵ پێشینەی چوونەدەرێیان لە دەسەڵاتداریی و پشتبەستن بە بایكۆت، چارەیەكیان جگە لە گەڕانەوە بۆ ناو سیستم نییە".

"براوەی راستەقینە حەزرەتی خامەنەئییە"

عەبدوڵڵا موتەلیان لە سەروتاری رۆژنامەی رەساڵەتدا نووسیوێتی: "براوەی راستەقینەی ئەو ھەڵبژاردنە بێگومان سیستمی پیرۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران و حەزرەتی خامەنەئیی و خەڵكن و دۆڕاوی ئەو گۆڕەپانەش دووژمنانی ئەو سیستمەن، رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریكا دوای رێككەوتنی ناووكی دڵیان بەو ھەڵبژاردنە خۆش كردبوو، بەڵام بۆیان دەركەوت لە بەرامبەر رێبەریدا لە یاری دووجەسەریدا دۆڕاون".

نووسەر ئاماژەی بە سەركەوتنی پارێزگاران لە شاری قوم كردووە و نووسیوێتی: "ئەوەی كە عەلی لاریجانی ئەمجارەیان پلەی دووەمی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی بەدەستھێناوە و 110 ھەزار دەنگی كەمتر لە ھەڵبژاردنی پێشتر دەستەبەر كردووە، روونی دەكاتەوە ھاوڵاتیان لە دادوەریی و ھەڵسەنگاندندا باش دەتوانن بیر بكەنەوە و دەرەجەی شیاوی خۆیانیان پێبدەن".

"ریفۆرمخوازان ماندووبوونیان لە لەش دەرچوو"

سادق زیبا كەلام لە رۆژنامەی ئارماندا ئاماژەی بە ھەڵبژاردن لە تاران كردووە و دەڵێ: "ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی لە تاران ھەموو ئەو ماندووبوونانەی كە لە دوای ھەڵبژاردنەكەی خوولی دەیەمی سەرۆك كۆماری تووشی ریفۆرمخوازان ببوو لە لەشی دەركردن. كێ و لە كوێ دەمانتوانیی بیر لەوە بكەینەوە كە روخسار و كاسایەتییە بەرچاوەكانی پارێزگاران نەتوانن لە ھەڵبژردندا بگەنە ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی، ھەرچەندە جێی باوەڕ نییە، بەڵام زۆربەی روخسارە ناسراوەكانی پارێزگاران نەیانتوانی بگەنە ئەنجوومەن".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت: "رەنگە ئەمجارەیان رووحانی بە ھێز و ورەیەكی زیاترەوە ھەنگاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی دووەم بنێت و ئەو ئاشتیە نەتەوەییە بنیاد بنێتەوە كە رەفسەنجانی دوای رووداوەكانی خوولی دەیەمی ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار (محموود ئەحمەدی نیژاد) ئاماژەی پێدابوو".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی