18 وڵات بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵ دەکەن

"ھێزی مارێنزی ئەمریکا ئامادەكاریی تەواویكردووە"

K24 - ھەولێر:

رۆژنامەیەكی ئەمریكی بڵاوی كردوەتەوە، ئامادەكاریی تەواو بۆ "رزگاركردنی" مووسڵ كراوە و 18 وڵات بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن.

رۆژنامەی (زەلیڤ کرۆنیکڵی) ئەمریکی لە زاری گاری فۆڵسکی، فەرماندەی یەکەی ھێزەكانی مارێنزی ئەمریکا دەڵێ: "یەکەی 101 ی تایبەتی هێزەکانی مارێنز ئامادەکارییەكانی تەواو کردووە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵ".

جنراڵەکەی مارێنز بە رۆژنامەكەی گوتووە: "شەڕی رزگاركردنی مووسڵ وەکوو شەڕی رومادیی نابێت و زۆر قورس دەبێت، یەکەی سەد و یەکیش فەرماندەیی 4 هەزار سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانێتی دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە".

فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا دەشڵێ: "جگە لە هێزە عێراقییەکان ھێزی سەربازیی 18 وڵات بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ دەكەن".

لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 شاری مووسڵ و چەند شارۆچكەیەكی دەوروبەری كەوتنە بندەستی چەكدارانی داعش، لەو ماوەیەدا چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و ھێزی ھاوپەیمانان باس لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ كراوە، بەڵام كاتی دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە تا ئێستا بە فەرمیی رانەگەیەنراوە.

داڕشتنەوە: ھ . م