شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەچێتە ئەمریكا

داوای ھاوكاریی زیاتر بۆ ھێزی پێشمەرگە دەكەن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6a85287c-6620-4375-aa21-c644fd175a10/PISHMARGA%20AMRIKA.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند لە رۆژانی داھاتوودا شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی ئەمریكا دەكات و داوای ھاوكاری دارایی و سەربازیی زیاتر بۆ پێشمەرگە دەكات.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "رۆژی 11ی مانگی داھاتوو شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی كەریم شنگالیی، وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت سەردانی ئەمریكا دەكات و لەگەڵ فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و پرسی هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە بواری سەربازیی و چەک و تەقەمەنیی تاوتوێ دەکرێ".

جەبار یاوەر گوتیشی: "لەو سەردانەدا شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا دەبێت و بە فەرمیی داوا لە ئەمریكا دەكەن زیاتر ھاوكاری دارایی و سەربازیی ھێزی پێشمەرگە بكات".

جەبار یاوەر، ئاماژەی بۆش كرد: "ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكانی ھێزی پێشمەرگە بەشدار دەبن لەو شاندە كە سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات".

ئەمە لە كاتێكدایە زیاتر لە دوو ساڵە ھێزی پێشمەرگە دژی چەكدارانی داعش شەڕ دەكات و بە گوێرەی گوتەی چەند بەرپرسێكی وڵاتانی بیانیی پێشمەرگە رۆڵی گرنگی ھەیە لە رووبەڕووبونەوەی داعش و رزگاركردنی چەندین ناوچەی گرنگی باشووری كوردستان و عێراق.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ھەر یەك لە فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان كرد و بە یاوەریی بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەمریكا چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا كە تێیدا جگە لە رونكردنەوەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان داوایان كرد زیاتر ھاوكاری پێشكەش بە پێشمەرگە بكەن.

داڕشتنەوە: ھ . م