وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لەو هێرشە دوو خۆکوژی داعشمان کوشت

"هێرشەکەیان بۆ سەر ئەبو غرێب شکستیهێنا"

K24- هەولێر

راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد کە چەکدارانی داعش ئەمڕۆ یەک؟شەممە هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی شارۆچکەی ئەبو غرێب لە نزیکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەڵام هێرشەکە شکستیهێنا.

یوسف ئەلعەبادیی، لە راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە تایبەت بە ماڵپەڕی (کوردستان24)ی راگەیاند: "کۆمەڵێک لە چەکدارانی داعش بەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ئەلعبادیی و هیتاویین لە شارۆچکەی ئەبو غرێب لە نزیکی شاری بەغدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوە و ئێستا زۆری نەماوە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا کۆتایی بێت".

ئەلعەبادیی گوتیشی: "داعش بە ژمارەیەک چەکدار و بە دوو خۆکوژەوە هێرشی کردە سەر ئەو ناوچانە و لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکان خۆکوژەکان کوژران و چەند چەکدارێکی دیکەشی گرووپەکە کوژراون، بەڵام هێشتا زیانەکان بە وردیی نەزانراون".

ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی هەینیی رابردووەوە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتی سەربازیی فراوانیان دەستپێکردووە بۆ گرتنەوەی شارۆچکەی فەللوجە لە رۆژئاوای عێراق کە لە سەرەتای ساڵی 2014 لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە و نزیکەی 40 کم لە پایتەختی عێراقەوە دوورە.

هاوکات شارۆچکەی ئەبو غرێب کە ناوچەیەکی سەر بە بەغدایە و سوننە نشینە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە لە عێراق تا ئێستا ئامانجێکی سەرەکیی گرووپەکە بووە بۆ گەیشتن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و بەردەوام هێرشی چەکدارایی و خۆکوژیی لەو ناوچەیە روو دەدات.

ئا: ئا ، ف