بارزانی ره‌خنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گرێت

وه‌كو پێویست به‌ هانای په‌نابه‌رانه‌وه‌ نه‌هاتوون

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارەكان كاریان بە پابەندبوونەكانی خۆیان نەكردووە، ئەم قسانەی بارزانی له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ پاتریك سیمۆنت  باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراقدا ھات.

بارزانی باسی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە ناویەتی،  لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بارزانی باسی هەڕەشەی تیرۆر و توندڕه‌ویی بۆ سەر جیهان كرد و جگە لە ئاماژەدان بە خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ڕۆشنایی خستەسەر ئەو تێچوونە مرۆیی و ئابوورییەی كە لە ئەنجامی شەڕ و هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت دووچاری هەرێمی كوردستان بووە.

باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق راگه‌یاند، یەكێتی ئەوروپا پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە فراوانكردنی ئەو پەیوەندییەشدا بەردەوام دەبێت، ئەوەیشی خستەڕوو كه‌ یەكێتیی ئەوروپا پێزانینی بۆ شێوازی پێشكەوتن و ئەو ژینگە دۆستانەیە ھەیە كە بۆ چالاكیی ئابووری لە كوردستاندا ڕەخساوە و ستاییشی ڕۆڵ و ئازایەتی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

هه‌روه‌ها جەختیشی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەوروپا گرنگی بە سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستان دەدات.