حه‌شدی شه‌عبی درز ده‌خاته‌ په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئیمارات

به‌غدا له‌ لێدوانه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات نیگه‌رانه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/50380556-3b6f-43d2-b5e7-1c907a241871/Emarat%20u%20Iraq.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیماڕات رایگەیاند ھیچ جیاوازییەك لە نێوان حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعشدا نییە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگھێشتی  باڵیۆزی ئیماراتی كرد و له‌ نامەیەكدا په‌یامی ناڕه‌زایه‌تی خۆی گه‌یانده‌ ئه‌و وڵاته‌.

لەو نامەیەدا عێراق رەخنەی توندی لە لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی ئیمارات گرتووە و بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقی تۆمەتباریكردووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقی بانگھێشتنی باڵیۆزی ئیمارات لە بەغدا دەکات، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە لێدوانەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێماڕات کە رایگەیاندبوو، ھیچ جیاوازییەک لەنێوان چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبیدا نییە.

ھەفتەی رابردوو، عەبدوڵڵا بن زایدی وەزیری دەرەوەی ئیماڕات رایگەیاندبوو کە نابێت دەسەڵاتدارانی عێراق ھیچ جیاوازییەك لەنێوان داعش و میلیشیا شیعەکانی ئەو ولاتەدا بکەن و پێویسته‌ رووبەڕووی ھەردووکیان ببنەوە.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش، بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی نیگه‌ران كرد و بەڕادەیەك کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی شەممە، بانگھێشتنی عەبدوڵڵا ئیبراھیم ئەلشێحی باڵیۆزی ئیمارات لە عێراق کردووە و نامەیەکی ناڕەزایەتی حکوومەتی عێراقیان پێداوە تاوەکو بیگەیەنێتە دەست بەرپرسانی وڵاته‌كه‌ی.

ھەر لەنامەکەی بەغدادا ھاتووە کە حەشدی شەعبی ھاوشێوەی سوپای عێراقی لەژێر فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کار دەکات، بۆیە ئەو تۆمەتانە بەھەموو شێوەیەك رەتدەکەینەوە کە حەشدی شەعبی و گرووپی تیرۆریستی داعش بەیەك چاو سه‌یر ده‌كات و ئەمە بەشێکە لەدەستێوەردانی کاروباری ناوخۆی عێراق لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیماراتەوە.