ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی داعش لە بەغدا گەیشتە 183 قوربانیی

داعش نزیک بوو لە بەغداوە

K24-هەولێر

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی و پزیشکیی عێراق ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی داعش و تەقینەوەکانی دوێنێی لە پایتەختی عێراق گەیشتە 183 کوژراو و بریندار.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی پزیشکیی کە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز دواون: بەهۆی دوو تەقینەوە کە دوو خۆکوژی داعش دوێنێ لە بازاڕی میللی (مرێدی) لە ناوچەی سەر لە بەغدا ئەنجامیان دا 70 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمە لە کاتێکدایە تەقینەوەکانی دوێنێی بەغدا بە خراپرترین هێرشی هاوشێوە دەژمێرێن بە درێژایی چەند مانگی رابردوو.

هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاند لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی دوێنێی بەغدا و بەڵێنی دا هێرشی زیاتر ئەنجام بدات.

تەقینەوەکانی دوێنێی پایتەختی عێراق هاوکات بوون لەگەڵ هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی ئەبو غرێب لە نزیکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

سەرچاوەکانی بی بی سی لەمبارەوە رایانگەیاند کە: لە هێرشەکەی دوێنێی چەکدارانی داعش بۆ سەر بنکەیەکی سوپای عێراق لە ناوچەی ئەبو غرێب 13 سەرباز و پۆلیس کوژران".

بە گوێرەی سەرچاوەکان داعش هێرشەکەی دوێنێ لە ئەبو غرێب بە تەقاندنەوەی سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو دەستپێکرد و دواتر شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکانی عێراق روویدا.

پێشتر یوسف ئەلعەبادیی، لە راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە تایبەت بە ماڵپەڕی (کوردستان24)ی راگەیاند: "کۆمەڵێک لە چەکدارانی داعش بەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ئەلعبادیی و هیتاویین لە شارۆچکەی ئەبو غرێب لە نزیکی شاری بەغدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوە و ئێستا زۆری نەماوە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا کۆتایی بێت".

ئەلعەبادیی گوتیشی: "داعش بە ژمارەیەک چەکدار و بە دوو خۆکوژەوە هێرشی کردە سەر ئەو ناوچانە و لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکان خۆکوژەکان کوژران و چەند چەکدارێکی دیکەشی گرووپەکە کوژراون، بەڵام هێشتا زیانەکان بە وردیی نەزانراون".

ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی هەینیی رابردووەوە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتی سەربازیی فراوانیان دەستپێکردووە بۆ گرتنەوەی شارۆچکەی فەللوجە لە رۆژئاوای عێراق کە لە سەرەتای ساڵی 2014 لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە و نزیکەی 40 کم لە پایتەختی عێراقەوە دوورە.

ئا: ئا ، ف