ئابووریی بەریتانیا گورزی كوشندەی بەردەكەوێت

ئێستا پارتەكانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا یەك دەنگ نین لەسەر پرسی ئەندامبوونیان لە یەكێتیی ئەوروپا.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f8331856-ab23-4479-a4d8-a73ba6d12328/UK%20aburi.ism/manifest

 

K24 - ھەولێر:

زۆربەی شارەزایانی بواری ئابووریی جیھان و نێوخۆی بەریتانیا پێیان وایە ، ئەگەر بەریتانییەكان دەنگ بە جیابوونەوە لە یەكێتیی ئەوروپا بدەن ، ئەوا گورزێكی كوشندە بەر ئابووریی ئەو وڵاتە دەكەوێت، بەڵام ھەندێك لە بەرپرسانی دیكەی بەریتانیا لەگەڵ ئەوەدان ھەرچی زووە لە بازنەی یەكێتی ئەوروپا بێینە دەرەوە.

 بۆریس جۆنسن، پارێزگاری لندن دەڵێت: " پێم وایە گرنگ پرس ئەوەیە كە قسەی زیاتری لەسەر بكەین ، چونكە دەرفەتێكمان لە پێشە كە تەنیا یەكجار لەژیاندا بۆمان دەرەخسێت ، ئەویش ئەوە یە یەكێتیی ئەوروپا بگۆڕین و كەشێكی لە بارو باشتر بۆ بەریتانیا برەخسێنین و دەنگ بۆ دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپا بدەین".

دیڤد كامیرۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: " مانەوەمان لە یەكێتیی ئەوروپا باشترە و لەھەمانكاتدا بەھێزترمان دەكات ، چونكە ئەوەی بەریتانیا دەیەوێت لەجیھاندا وەك گۆڕانی كەش وھەوا مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی رووسیا ھەروەھا شەڕكردن لەگەڵ داعش ، بەریتانیا یەكێكە لە پێنج زلھێزەكەی جیھان ، ھەموو ئەوانە وامان لێدەكات لەگەڵ ئەمریكاو ئەوروپاو ناتۆ  یەكبگرین".

 بەریتانیا خوازیاری رێككەوتن بوو لەسەر چوار بابەتی سەرەكیی، ئه‌وانیش، بابەتی پەناخوازان، ناوچەی بازرگانیی لەندەن، سیاسەتی ھاوبەش و دەسەڵاتی زیاتر بۆ پەرلەمانی نشتیمانی، بەڵام یەكێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر لەبەرچاوگرتنیان، مەرجی خۆی بۆ بەریتانیا خستەڕوو  لە نێوانیان ھاریكاری زیاترە بۆ ھاووڵاتیانی ناوچەی ئەوروپا كە لەو وڵاتە كار دەكەن، لە یەكەم كاردانەوەی دوای رێككەوتنەكە، دیڤد كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئەوەی دووپات كردەوە ، كە ھەموو ھەوڵەكان لە پێناو بەرژەوەندیی بەریتانیایە.

  ئێستا پارتەكانی ناو پەڕلەمان بەریتانیا یەك دەنگ نین لەسەر پرسی ئەندامبوونیان لە یەكێتیی ئەوروپا، بۆ ئەم مەبەستەش ھەر پارتە و لەلایەك دەنگ بۆ دەرچوون لەیەكێتیی ئەوروپاو دەرنەچوونی كۆدەكەنەوە ، لە كۆتایشدا ھاووڵاتیانی بەریتانیا بڕیار لەسەر داھاتوو و بەرژەوەندیی وڵاتەكەیان دەدەن.

 داڕشتنەوە: ش، م