بە رێگەی بانكێكی ئەوروپییەوە پارە دەھێنرێتە عێراق

"دەبێ بەشی ھەرێمی كوردستان لەو پارەیەدا ھەبێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f40ac4ff-20f7-4bf2-b86e-3f5bfea87826/YE%20la%20eraq.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق رایگەیاند، گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی بە رێگەی بانكی ئەوروپا بۆ وەبەرھێنان پارە بھێنرێتە عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد جەخت لەوە دەكەنەوە بەشی ھەرێمی كوردستان لەو پارەیەدا ھەبێت.

لە وتارێكدا لە هەولێر لە بارەی دۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق پاتریك سیۆنیت، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، رایگەیاند: "ئێستا یەكێتیی ئەوروپا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكوومەتی عێراق، لە ھەمانكاتدا حكوومەتی ناوەندیی گفتوگۆ دەكات لەگەڵ بانكی ئەوروپا بۆ وەبەرھێنان، لەو گفتوگۆیانە نوێنەرێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیە، بیرۆكەكە ئەوەیە گفتوگۆ بەردەوام بێت تا بانكی ئەوروپا بۆ وەبەرھێنان بێتە عێراق".

گوتیشی: "گفتوگۆكان لە قۆناغی سەرەتادان، بەڵام ئێمە وەكوو یەكێتیی ئەوروپا ئاگاداری وتوێژەكانین و جەخت دەكەینەوە لە ھەر رێككەوتنێك ئەگەر یەكێتیی ئەوروپا پارەی دا بە عێراق ھەرێمی كوردستان لە یاد نەكرێت".

پاتریک سیۆنیت راشیگەیاند: "ئێمە وەك نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق رۆڵی ھەماھەنگیی سەربازیی نابینین، بەڵام ئەوەی من ئاگادارم و دەزانم وڵاتە ئەوروپییەكان خۆیان ھاوكاریی سەربازیی پێشكەش بە عێراق بە گشتیی و پێشمەرگە بە تایبەتی دەكەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوەی ئێمە لێرە دەیكەین ھاوكاریی نا سەربازییە ئەویش ھاوكاریكردنی ئاوارەكانی ناوخۆیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەكانیان لەو ناوچانەی كە بەم دواییە لە دەست داعش رزگار كراون".

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی تێچووی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان عێراق و هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی بوونەتەوە.

داڕشتنەوە: ھ . م