زیاتر له‌ 100 هاوڵاتیی ئه‌ڵمانیا له‌ پاڵ یه‌په‌گه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن

رۆژنامەیەکی ئەڵمانیا: تا ئێستا 10 له‌و خۆبه‌خشانه‌ كوژراون

K24 – هه‌ولێر

رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند‌، كه‌ زیاتر له‌ 120 هاوڵاتی ئه‌ڵمانیا وه‌كوو خۆبه‌خش چوونه‌ته‌ ناو ریزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) له‌ سووریا.

رۆژنامه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرای كرد: "كه‌ تا ئێستا 10 له‌و خۆبه‌خشانه‌ كوژراون".

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ: "له‌ هه‌فته‌ی رابردوو ناسنامه‌ی هاوڵاتییه‌كی ئه‌ڵمانیا ئاشكرا بووه‌ كه‌ له‌ ریزه‌كانی یه‌په‌گه‌دا له‌ شارۆچكه‌ی شه‌دادییەی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ له‌ سووریا به‌شداریی شه‌ڕی كردووه‌ و كوژراوه‌".

له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی رێكخراوی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌كی زۆری هاوواتییانی بیانیی وه‌كوو خۆبه‌خش هاتوونه‌ته‌‌ ناو ریزه‌كانی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان و شابه‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رگریی له‌ خاكی كوردستان ده‌كه‌ن.

ئه‌م هاوڵاتییه‌ بیانییانه‌ زۆربه‌یان له‌ وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا هاتوون و ده‌شلێن: "شه‌ڕكردن له‌ پێناو ئازادیی ئێمه‌ی هانداوه‌‌ بێین بۆ كوردستان و ئێمه‌ شانبه‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕبكه‌ین بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌".

ئه‌م هاوڵاتییه‌ خۆبه‌خشانه‌ جلی پێشمه‌رگه‌ دەپۆشن و ئالای كوردستان هەڵدەکەن، وه‌كوو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ربڕینی پشتگیریی خۆیان بۆ كوردستان.

داڕشتنه‌وه‌: نه‌وزاد محه‌ممه‌د