رۆيته‌رز: نه‌وت ده‌گاته 40 دۆلار
K24 – هه‌ولێر:
رووپێوێكى رۆيته‌رز ده‌ريخستووه، نرخى نه‌وت سێ مانگى ديكه به‌رزبوونه‌وه به خۆوه ده‌بينێت و ده‌گاته چل دۆلار بۆ هه‌ر به‌رميلێك.
به گوێره‌ى زانيارى ئه‌و ئاژانسه، لاوازى ئاستى خواست و گريمانه‌ى راگرتنى به‌رهه‌مهێنان له لايه‌ن ژماره‌يه‌ك له به‌رهه‌مهێنه‌رانى نه‌وته‌وه، سه‌رده‌كێشێت بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ى.
له 12 مانگى رابردوودا نرخى نه‌وت به رێژه‌ى له سه‌دا 45 داشكا و به كه‌متر له 30 دۆلار فرۆشرا و مه‌زنده ده‌كرا تا نيوه‌ى يه‌كه‌مى ئه‌مساڵ له‌و نرخه‌دا بمێنێته‌وه.
ئه‌و رووپێوه‌ى رۆيته‌رز، بۆچوونى 30 شاره‌زاى ئابوورى و شيكه‌ره‌وه‌ى بوارى بازارى نه‌وتى گرتووه‌ته‌وه و رايان وه‌رگيراوه.
ئه‌و رووپێوه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌ندازه‌ى جيهانى تێكه‌ڵه‌ى برێنت، 40.10 دۆلار بووه وه‌ك نرخى ناوه‌ندى و له‌وه‌وه دابه‌زيبوو بۆ 2.40 دۆلار له مانگى رابردوودا.
هه‌روه‌ها ناوه‌ندى نرخى خامى برێنت 32.57 دۆلار بوو له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا، له به‌رامبه‌ردا له سه‌ره‌تاى ساڵى رابردوودا 54 دۆلار بوو.
ئه‌م رووپێوه‌ى رۆيته‌رز بۆ حه‌وته‌م مانگ له‌سه‌ر يه‌ك ئه‌نجامدراوه و تێيدا شاره‌زايان راى خۆيان ده‌ربڕيوه.
هه‌ريه‌ك له رووسيا و ئه‌ندامانى ئۆپيك، له‌وانه سعووديه، قه‌ته‌ر، فه‌نزوێلا، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئاستى هه‌نارده و به‌رهه‌مهێنان يه‌كده‌نگ بن و ئاستى به‌رهه‌مهێنان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئاستى سه‌ره‌تاى مانگى كانوونى دووه‌مى رابردوو، ئه‌گه‌ر بێت و لايه‌نه‌كانى ديكه‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستيان هه‌بێت.
به‌ڵام ئێران به نيازه به‌رهه‌مى نه‌وتى خۆى زياتر بكات، به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى له مانگى حوزه‌يرانى ئه‌مساڵه‌وه ده‌توانێت به بێ هه‌بوونى سزاكان نه‌وت هه‌نارده بكات. شاره‌زايان رايانگه‌ياندووه، ئه‌و بڕياره‌ى ئێران جێى پێكه‌نينه، هه‌روه‌ها عێراقيش رايگه‌ياندووه، هه‌وڵده‌دات هه‌نارده‌ى نه‌وتى خۆى زياتر بكات.
لوانا سيگفريد، ژنه شيكه‌ره‌وه‌ى كۆمپانياى رايمۆند جێمس گوتى: سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له ماوه‌ى 15 ساڵى رابردوودا ئه‌وه يه‌كه‌م جووڵه‌ى هه‌ماهه‌نگانه‌ى ئه‌ندامانى ئۆپيك و رووسيايه، به‌ڵام هه‌ر رێككه‌وتنێك بكرێت ئه‌گه‌ر عێراق و ئێران پێوه‌ى پابه‌ند نه‌بن، خستنه‌بازارى نه‌وت لانيكه‌م له 2016دا ناگۆڕن.
هه‌ربۆيه شاره‌زايان گومانيان له‌وه‌يه، هه‌ڵپه‌ساردنى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت به شێوه‌يه‌كى كاتى له سه‌روبه‌ندى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى نرخى نه‌وتدا پشتيوانى بازار بكات.
له ناوه‌ڕاستى 2014دا نه‌وت به شێوه‌يه‌كى به‌رچاو له بازاردا ره‌واجى له‌ده‌ستدا و نرخى به رێژه‌ى له سه‌دا 70 داشكا.
شاره‌زايان ده‌ڵێن: هاوسه‌نگى له خستنه‌ڕوو و خواست له‌سه‌ر نه‌وت تا كۆتايى ئه‌مساڵ به‌دينايه‌ت. به‌ڵام پێشبينى ئه‌وه ده‌كرێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوودا، كه‌لێنى نێوانيان به‌رته‌نگ ببێته‌وه.
هانز ڤان كليڤ، يه‌كێكه له گه‌وره شاره‌زايانى ئابوورى له بوارى وزه‌دا و له‌گه‌ڵ كۆمپانياى ئه‌ى بى ئێن ئامڕۆ بانك، رايگه‌ياند، سه‌ره‌ڕاى ناهاوسه‌نگ نه‌بوونى خستنه‌بازار و خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌مى نه‌وت، پێشبينى ده‌كرێت خستنه‌ڕوو ئاستى دابه‌زێت و ئه‌وه‌ش هاوكارى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ بكات.
به گوێره‌ى مه‌زنده‌ى ئه‌و شاره‌زايانه، گرێبه‌سته پێشوه‌خته‌كان بۆ نه‌وتى خاوى خۆرئاواى ته‌كساس تا ناوه‌ڕاستى 2016 بگاته 38.90 دۆلار. هه‌روه‌ها خاوى ئه‌مريكا له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه له 31.03 دۆلار وه‌ك نرخى ناوه‌ندى جێ‌گير بووه.
بانكى مۆرگان ستانلى پێشبينى كردووه، خاوى برێنت له ئه‌مساڵدا بگاته 30 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رميلێك، به‌ڵام كۆمپانياى رايمۆند جێمس، پێشبينكردووه ئه‌و نرخه بگاته 53 دۆلار.
سه‌رچاوه: رۆيته‌رز
و: ئ.هـ