داوا دەكرێت حەشدی شەعبیی بەشداریی لە رزگاركردنی مووسڵ نەكات

"لیستی یەكێتیی دەنگی دژی حەشدی شەعبیی نەدا"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/baa12cdf-a271-45bb-92a5-decffd6e776a/neinewa%20heshd.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشداریكردنی حەشدی شەعبیی لە رزگاركردنی شاری مووسڵ رەتكراوەتەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) سەیدۆ حوسێن تاتانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا داوامان كرد حەشدی شەعبیی بەشداریی نەكات لە رزگاركردنی شاری مووسڵ".

گوتیشی: "پێویستە بە بەشداریی ھێزەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی و بە ھەماھەنگیی لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ و ئەو دەڤەرە ئەنجام بدرێت، زیاتر لە ساڵێكە پێشمەرگە قارەمانەكان خوێنی خۆیان لەسەر ئەو خاكە دەرێژن".

سەیدۆ حوسێن، بە ناوی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ سوپاسگوزاری ئاراستەی خەڵكی ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە بوو و گوتی: "پەنا بەخوا لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی مووسڵ لە ئایندەیەكی نزیكدا شارەكە لە ژێر دەستی داعش رزگار دەكرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە لە دواین كۆبوونەوەیدا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگ بەشداریکردنی حەشدی شەعبیی لە رزگاركردنی شاری مووسڵ رەتکردەوە و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنەکە دەنگیان لە دژی حەشدی شەعبیی نەدا.

لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ساڵی 2014وە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش و تا ئێستا ئەو شارە کە بە پێگەیەکی بەهێزی داعش ناودەبرێت لە بندەستی ئەو گرووپەدایە.

داڕشتنەوە: ھ . م