پەروەردەی سلێمانی داوا دەکات سبەی دەوامی خوێندن ئاسایی بكرێتەوە
K24 - سلێمانی:
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا داوایكرد لە سبەیەوە دەوام خوێندن ئاسایی ببێتەوە و داواشی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد نیوە مووچەی مانگی نۆی مامۆستایان خەرج بكرێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی روونكردنەوەیەكی ئاراستەی مامۆستایان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: "لەگەڵ ئەو گرفت و كێشانەی كە رووبەڕووی مامۆستایان بووەنەتەوە، بە تایبەتی قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی، ھەموو كات پشتگیریی بۆ داوا رەواكانی مامۆستایان دەردەبڕین".
گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نیوەی مووچەی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بدرێت بە مامۆستایان و بە سیستمی پاشەكەوتی مامۆستایاندا بچێتەوە و ئەو سیستمە مامۆستایانی گرێبەست و ئەوانەی ھاتووچۆی دەكەن نەیانگرێتەوە و بە مووچەكانی دیكەشدا بچنەوە".
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا پەروەردەی سلێمانی ئەوەی خستەروو: "لە كاتێكدا قوتابخانە و پەیمانگا ئەھلییەكان و ئاوارەكان لە شاری سلێمانی بەردەوامن لە خوێندن، بەڵام منداڵی شەھیدان و پێشمەرگە و مامۆستا و سەرجەم چین و توێژە ھەژارەكان بێبەشن لە خوێندن كە ئەمە چارەنووسی ھەزاران خوێندكار دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە ھەموومان بەشداربین لە ھەڵمەتی ئاسایكردنەوەی دەوامی پەروەردە".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی راشیگەیاند: "داوا لە سەرجەم لیستەكانی مامۆستایان دەكەین كە خۆیان بە دووربگرن لە بڵاوكردنەوەی بەیاننامە و وەڵامدانەوە، تەنھا بەیاننامەی پشتگریی بۆ ئاساییكردنەوەی دەوام بڵاوبكەنەوە و داوا دەكەین ھەموو مامۆستایان ھاوكارمان بن لە ئاساییكردنەوەی دەوامی خوێندن لە سنووری سلێمانی".
داڕشتنەوە: ھ. م