لە مۆمبای پەردە لەسەر پەیكەری مەلا مستەفا بارزانیی لادەبرێت

قوتابییەكی كورد تێچووەکەی لە ئەستۆ گرتووە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/120e07fe-06d1-4687-b694-d18ca008ffad/mustafa%20barzani.ism/manifest

K24 - مۆمبای:

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری مۆمبای پایتەختی ھیندستان پەردە لەسەر پەیكەری سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی لاببرێت.

پەیامنێری (كوردستان24) لە مۆمبای رایگەیاند: "ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە یەكێك لە مۆزەخانەكانی مۆمبای پەردە لەسەر پەیكەری سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی لاببرێت".

گوتیشی: "ئەم پەیكەرە لە لایەن قوتابییەكی دكتۆرا بە ناوی ئەحمەد جەلال، لە مۆمبای بە ھاوكاریی مۆزەخانەی سونێل دروستكراوە، بەڕێوەبەری مۆزەخانەكە خۆیشی ناوی سونێلە و بە دەست و پەنجەی ئەو دروستكراوە، ئەو قوتابییە خەرجی دروستكردنی پەیكەری بارزانی نەمری لە ئەستۆ گرتووە".

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) ئەحمەد جەلال، گوتی: "سێ ساڵ بەر لە ئێستا سەردانی یەكێك لە مۆزەخانەكانی مۆمبایم كرد، پەیكەری زۆر لە سەرۆك و شۆڕشگێڕ و رۆشنبیری لێ بوو، من بیرۆكەم دایە خاوەنی مۆزەخانەكە پەیكەری بارزانی نەمر لە مۆزەخانەكەدا دروست بكرێت، دوای بینینی وێنەكانی بڕیاریدا پەیكەری بارزانی نەمر دروست بكات".

ئەوەشی خستەڕوو: "بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لەم مۆزەخانەیە پەردە لەسەر پەیكەری بارزانی نەمر لادەبرێت".

باسی لەوەش كرد: "پەیكەری بارزانی نەمر لە لایەن سونێل دروستكراوە كە یەكێكە لە باشترین پەیكەرسازان لە ئاسیا و مۆزەخانەكەشی باشترین مۆزەخانەیە لە ھیندستان".

ئەو قوتابییە كوردە روونیكردەوە: "بۆ دانانی پەیكەر لەو مۆزەخانەیە خەڵكیی پارەی زۆر دەدەن بە خاوەنەكەی لەگەڵ ئەوەشدا قایل نابێت ھەموو پەیكەرێك لە مۆزەخانەكەی دابنرێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ داوای پارەی لە من نەكردووە".

لەبارەی ئامادەنەبوونی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی دیكەی پەیوەندیدار ئەحمەد جەلال ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "مانگێگ پێش ئێستا حكوومەتم ئاگاداركردووەتەوە و ھیچ داواكاریشم لێ نەكردوون، تەنھا حەزم لێیە بەشداربن لەو مەراسیمە".

داڕشتنەوە: ھ . م