"لە ئێران منداڵان بۆ رۆژێک بە 15000 تمەن بە كرێ دەدرێن"

بەرپرسێكی ئێران: لە تاران منداڵ بە دوو ملیۆن تمەن دەفرۆشرێ
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0c8edf14-ceba-4269-8b06-e9f4c8478f66/swalkerekan%20le%20eran.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی كڕین و فرۆشتنی منداڵان لە شارە گەورەكانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە تاران زیادی كردووە و كرێی منداڵێك بۆ سواڵكردن بۆ رۆژێک 15 ھەزار تمەنە.

سەرۆكی ناوەندی خۆبەخشیی مانگی سوور، فەرەحناز رافێع بە ئاژانسی ھەواڵی تەسنیمی ئێرانی راگەیاند: "لە شارە گەورەكانی ئێران كڕین و فرۆشتن بە منداڵان دەكرێت و دواتریش بە مەبەستی سواڵكردن بە كرێ دەدرێن".

بە گوتەی رافێع: "لە تاران منداڵ بە دوو ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت"، ئەو بڕەش دەكاتە نزیكەی 600 دۆلاری ئەمریكیی.

فەرەحناز رافێع گوتی: "دایك و باوكی ئەو منداڵانە زیاتر ئاڵودەی ماددەی ھۆشبەرن و زۆرجار منداڵەكانیان بە بڕی 15 ھەزار تمەن كە دەكاتە 3 دۆلاری ئەمریكیی بە كرێ دەدەن، ئەو كەسانەش كە منداڵ بەكرێ دەگرن، بۆ سواڵكردن بەكاریان دێنن".

پێشتریش شەھیندۆخت مۆلاوێردیی، یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان گوتبووی: "لە 15 ھەزار كەسی بێ ماڵ وحاڵی ئێران زیاتر لە 5 ھەزاریان ژنن".

مانگی رابردوو، بەڕێوبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی تاران، سیاوەش شەھریوەر رایگەیاند: "ھەندێك لەو ژنانەی ئاڵودەی ماددەی ھۆشبەرن لە تاران منداڵە ساواكانیان بە بڕی 100 بۆ 200 هەزار تمەن دەفرۆشن".

سیاوەش شەھریوەر گوتی: "دیاردەی فرۆشتنی منداڵی ساوا ساڵانێكە لە گەڕەکی "هەرەندی"ی شاری تاران ھەیە، بەشێك لەو ژنانەی لە گەڕەكی ھەرەند دەژین، بەمەبەستی فرۆشتنیان، منداڵیان دەبێت".

بەڕێوبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی تاران ئەوەشی خستەڕوو: "80% ژنانی کرێکاری سێكسیی و ئاڵودەن بە ماددەی هۆشبەر كۆرپەكانیان هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزن".

بە گوتەی ئەم بەرپرسەی شاری تاران، پێچەوانەی هەموو جیهان لە ئێران رێکخراو یان شوێنێک بۆ چاودێریکردنی ئەم ژنانە نییە.

ئا: ژیوار رەسووڵی، داڕشتنەوە: لەیلا قادریی