گەشت و گوزار پشتگیریی لە بڕیاری داشكاندنی نرخی چێشتخانەكان دەكات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/796f3777-4be3-4fdc-b3d5-a5ac01313969/dashkandne%20nrxe%20xwardn.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزار رایگەیاند، پشتگیریی لە بڕیاری پارێزگای ھەولێر دەكەین بۆ دابەزاندنی نرخی كرێ و خواردن لە چێشتخانەكان و شوێنە گەشتیارییەكان.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوازاری ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەو بڕیارەی لە پارێزگای ھەولێر دراوە بۆ دابەزاندنی نرخی خواردن لە چێشخانە و رێستورانتەكان بڕیارێكی گرنگە ئێمەش پشتگیریی دەكەین".

گوتیشی: "كۆمپانیا گەشتیارییەكان ئەو پاكێجەی كە ئاماددەی دەكەن نرخەكەی كەمتربێت، دەتوانین زیاتر سەرنجی گەشتیاران رابكێشین".

ھەندێك لە خاوەن چێشتخانەكانی ھەولێر رەزامەندیان دەربڕیوە بە بڕیارەكە و یەكێك لە خاوەن چێشخانەكانی ھەولێر بە ناوی رێبین رەشید بە (كوردستان24)ی گوت: "بە خۆشحاڵییەوە رازین بەو بڕیارە، بەڵام بە مەرجێك كرێی موڵكەكان و گۆشت و ماددەكانی دیكەش دابەزێت، چونكە ئەمانە كاریگەرییان ھەیە بۆ چێشتخانەكان، ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندیی ھەموو خەڵكە".

لیژنەی باڵای دیارکردنی نرخ لە پاریزگای ھەولێر بریاریدا نرخی گۆشت و خواردنی جێشخانە و ریستورانتەکان وکرێی پیشەنگاکان کەمبکاتەوە به‌ ئامانجی ره‌چاوكردنی بار و گوزەرانی فەرمانبەران و گەڕانەوەی جوڵە لە شوێنە گەشتیارییەكان.

لە پارێزگای ھەولێر 675 میوانخانە و گوندی گەشتیاریی و چیشتخانە ھەن، كۆمه‌ڵه‌ی چێشتخانه‌ و میوانخانه‌كانی هه‌ولێر خۆیان داوای دابەزاندنی‌ نرخەكانیان کردووە تا لەو رێگەیەوە‌ بتوانرێت ژمارەی گەشتیارانی ھەرێمی كوردستان زیاد ببێت.

داڕشتنەوە: ھ . م