"بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌غدا به‌شێك له‌ پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم بنێرێ"

"وه‌زاره‌تی بازرگانی 50 ملیار دیناری قه‌رزی پاره‌ی جوتیارانی وه‌رگرتووه‌"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/369db4a3-b82f-4440-8ed4-f03cedb4a3f2/AshwaqAlCaf-Bexdad.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق به‌شێك له‌ پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم ده‌نێرێ.

ئه‌شواق جاف به‌ كوردستان24 راگه‌یاند: "وه‌زیری بازرگانی عێراق رایگه‌یاندووه، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ بڕی 50 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی ساڵی 2014 و 2015 بۆ ته‌رخانكراوه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی: "ئه‌و 50 ملیاره‌ به‌شێكه‌ له‌ كۆی ئه‌و قه‌رزه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران كه‌ 2 تریلیۆن و 331 ملیار و 434 ملیۆن دیناره‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ 50 ملیار دیناره‌ كه‌مه‌، به‌ڵام به‌شی هه‌رێمیشی تیادا ته‌رخانكراوه‌".

روونیشیكرده‌وه‌: "به‌شی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێ: 8ملیار و 693 ملیۆن دینار بۆ هه‌ولێر، 6ملیار و 517 ملیۆن دینار بۆ دهۆك، 6ملیار و 96 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی و 3 ملیار و 300 ملیۆن دیناریش بۆ كه‌ركووكه‌".

ئه‌ندامه‌ كورده‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌وه‌شی گوت: "دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌سه‌ر جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌كرێ".

ئا: م.ح