پێشمەرگە لە ئەڵمانیا مەشق و راھێنان دەکەن

ئەڵمانیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە ھاوکاریی سەربازیی ھەرێمی کوردستان دەکەن لە شەڕی دژی داعش.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/be03dd75-97ac-4d5f-9aa3-55b90caf4f41/Elmanya%20Peshmerge.ism/manifest

K24- ھەولێر:

سوپای ئەڵمانیا لە کەمپێکی راھێنان لە باکووری ئەو وڵاتە مەشق و راھێنان بە پێشمەرگە دەکات، راھێنانەکان کە دوو ھەفتە بەردەوام دەبن لەبارەی شێوازی رووبەڕووبونەوە و شارەزابوونە لە شەڕ و چۆنێتی کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی دوژمن.

ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لەم مەشق راهێنانە بەشدارن 28 پێشمەرگەیە کە لە ناوچەی بوندسوێغ لە باکووری ئەڵمانیا مەشق و راھێنانیان پێدەکرێت.

رائید نزار، بەرپرسی یەکەکەی ھێزی پێشمەرگە پێیوایە ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشمەرگە داعشی لاواز کردووە، ئەم جۆرە راھێنانەش بە پێوست دەزانێ بۆ ھەموو ھێزی پێشمەرگە.

رائد نزار گوتی: "شێوازی راھێنانەکە بۆ ناسینی گۆڕەپانی جەنگە و قەبارە و جۆری دوژمن و بەکارھێنانی چەند تەکتیکێکی سەربازیی".

لەم راھێنانە پێشمەرگە فێرکراون چۆن بەبێ بەکارھێنانی رادار زانیاریی ورد و پێویست لەسەر دوژمن کۆبکەنەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و خاڵی لاوازی دوژمن بزانن.

راهێنەرە ئەڵمانەکان ئەو راهێنان و مەشقە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داھاتووی هێزی پێشمەرگە بە گرنگ دەزانن.

کۆڵۆنێڵ نۆربێرت ھاینلین، راھێنەر لە سوپای ئەڵمانیا دەڵێ:

"ناسینی دوژمن و گۆڕەپانی جەنگ گیانت دەپارێزێت، ئەگەر دوژمنەکەم باش بناسم دەزانم چۆن ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەم و زیانم کەمتر دەبێت، ئۆپەراسیۆنەکەم کاریگەرتر و سەرکەوتووتر دەبێت".

پێشمەرگە بەشداربووەکان لەم راهێنانە چاویان لەوەیە دوای تەواوبوونی راھێنانەکە، ئەو زانیارانەی وەریدەگرن دوای گەرانەوەیان بیگەیەننە ھاورێ پێشمەرگەکانیان لە سەنگەرەکانی  شەڕی دژی داعش.

ئەڵمانیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە ھاوکاریی سەربازیی و چەک دەداتە ھەرێمی کوردستان بۆ شەڕی دژی داعش.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2014 چەند ئەفسەرێکی پێشمەرگە لە شارۆچکەی باڤاریای ناوچەی ھامێڵبێرگی وڵاتی ئەڵمانیا راھێنان و مەشقیان پێکرا لە لایەن راهێنەرە سەربازییەکانی سوپای ئەڵمانیا و دواتر گەڕانەوە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی داعش.

داڕشتنەوە: ش، م