تورکیا ڤیزای ئەلکترۆنی بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدات

"رێوشوێن و مەرجی نوێی دەبێت"

K24 - ئیستەنبوڵ:

حکوومەتی تورکیا بڕیاریداوە لەمەودوا ڤیزای ئەلکترۆنی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەکار بخاتەوە، وەک پێشوو بەشێک لە هاوڵاتیان دەتوانن بە رێگەی ئینتەرنێت، بە بێ سەردانیکردنی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، ڤیزای ئەلکترۆنی توركیا بەدەست بێنن.

لە لێدوانێكدا بۆ (کوردستان24) ئەمین تەها، سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری نێوان تورکیا و عێراق رایگەیاند: "لە پەراوێزی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و ئابووریی تورکیا بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق  بڕیاردرا ڤیزای ئەلکترۆنی بەکاربخرێتەوە".

گوتیشی: "بریارەکە دوای 10 رۆژی دیکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و لە مەودوا پێدانی ڤیزەی ئەلکترۆنی هەندێک رێوشوێن و مەرجی نوێی دەبێت، بە شێویەک  هەموو هاووڵاتییەک مافی وەرگرتنی ئەو ڤیزایەی نابێت، تەنھا ئەو هاووڵاتیانە دەتوانن ڤیزاکە وەرگرن، کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سێ جار سەردانی تورکیایان کردووە".

ئەمین تەھا روونیكردەوە: "ئێستا کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر رۆژانە 200 تا 300 ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدات، هاوکات لە باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا رۆژانە 50 ڤیزا بە ھاووڵاتیان دەدرێت".

راشیگەیاند: "لە داهاتوودا بۆ بازرگانەكان و ئەو کەسانەشی کە نەخۆشن بە مەبەستی چارەسەروەرگرتن سەردانی تورکیا دەکەن ئاسانکاریی زۆریان کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسانکاریی بۆ  گەشتیارانیش دەکرێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری نێوان تورکیا و عێراق باسی لەوەش كرد: "جیا لەم رێوشوێنانەدا حكوومەتی تورکیا بڕیاریداوە لە سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵدا کونسڵخانەی خۆی بە فەرمیی لە شاری سلێمانی بکاتەوە، ئەوكات لەوێش کونسوڵخانە رۆژانە نزیکەی 200 ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەدات" .

دوای ئەوەی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە شاری بەسرە لە باشووری عێراق ناڕەزاییان بەرامبەر هەڵوێستەکانی حکوومەتی تورکیا بەرمابەر عێراق دەبڕی و ئاڵای تورکیایان لە گردبوونەوەکەدا سووتاند، بە بڕیاری سەرۆک کۆماری تورکیا  لە 10ی مانگی رابردوودا پێدانی ڤیزای ئەلکیترۆنی بە خۆرایی بە هاووڵاتیانی عێراق راگیرا.

ئا: کامەران عومەر

داڕشتنەوە: ھ . م