لە ئامەد رێگە بە خۆپێشاندان نادرێت

خۆپێشاندانەكە دژی قەدەغەکردنی ھاتووچۆیە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/52553466-bfe4-4d98-a931-bb1fbd9bf461/rawshi%20bakuri%20kurdistan.ism/manifest

K24 - ئامەد:

بڕیارە ئەمڕۆ دژ بە قەدەغەی ھاتووچۆ لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان خۆپێشاندانێكی جەماوەری بەرێوە بچێت، پارێزگاری شارەكەش رایگەیاند، رێگە بە خۆپێشاندان نادرێت.

پەیامنێری (كوردستان24) لە ئامەد رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ دژی قەدەغەی ھاتووچۆ لە ناوچەی سووری شاری ئامەد خۆپێشاندان لەو شارە بەڕێوەبچێت، بەڵام پارێزگاری ئامەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێگە بە ھیچ كەس نادەن خۆپێشاندان بكەن و داوای لە خەڵكی ئامەد كرد بەشداریی لە خۆپێشاندان نەكەن، چونكە مۆڵەت بە خۆپێشاندانەكە نەدراوە و نا یاساییە".

گوتیشی: "ناوچەی سوور لە پازدە گەڕەك پێكدێت ئێستا لە 6 گەڕەك ھاتووچۆ قەدەغەکراوە، بە گوێرەی لێدوانی پارێزگاری ئامەد 98% ی شارەکە كۆنتڕۆڵكراوە و لە 6%ی شەڕ و ئاڵۆزیی ھەیە و ئۆپەڕاسیۆن بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە شوێنەكانی دیكەش ھاتووچۆ قەدەغەکراوە، سەركردە و سیاسەتمەدارانی باكووری كوردستان دەیانەوێ بڕۆنە ناوچەکە، بەڵام رێگەیان پێنادرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)، دوێنێ، داوای لە خەڵكی ئامەد كرد، ئەمڕۆ دژی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ و لە ناوچەی سوور و گرتن و كوشتنی ھاووڵاتیانی كورد لە لایەن ھێزە ئەمنییەكان خۆپێشاندان ئەنجام بدەن.

نزیكەی ساڵێكە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان ھێزی پاراستنی سڤیل و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا رەوشی زۆر لە شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان شێواوە، بە ھەزاران كەس ئاوارەبوونە و ژمارەیەكی زۆریش بەو ھۆیەوە گیانیان لە دەستداوە و برینداربوونە، بەرپرسانی توركیاش ئەو رەوشە دەخەنە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) و پێیانوایە ئەو گرووپانەی لە ناو شارەكان كێشە دروست دەكەن لە لایەن (پەكەكە) ئاراستە دەكرێن.

داڕشتنەوە: ھ . م