بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: تا ئێستا به‌شێكی زۆری ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین نه‌هاتوونه‌ته‌ دی

"كوردستان‌و ناوچەكە بونەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ئیقلیمی‌و جیهانییەكان"

K24 - هه‌ولێر:

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌گه‌ڵ 25ه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینی گه‌لی كورد، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هێشتا به‌شێكی زۆر له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین نه‌هاتوونه‌ته‌دی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، گۆڕان ئاماژه‌ به‌ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "كوردستان‌و ناوچەكە بونەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ئیقلیمی‌و جیهانییەكان. ئەو هێزانە خەریكی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی‌و جوگرافیای ناوچەكەن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لەم هەلومەرجەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم كار دەكەن بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان‌و خۆساغكردنەوە لەسەر یەكێك لە میحوەرەكان‌و بەدەستهێنانی دەسكەوتی تاكە كەسی‌و بنەماڵەیی‌و حیزبی‌".

گۆڕان له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌داو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات، له‌ ئه‌گه‌ری گوێنه‌گرتن بۆ پرۆژه‌كانی چاكسازی بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌، پێویست ده‌كات "ئه‌و حكوومه‌ته‌ شكستخواردووه‌" هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و حكوومه‌تێكی "رزگاری نیشتمانی" دابمه‌زرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بەردەوامبونی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە گوێنەگرتن لە داخوازییەكانی خەڵك‌‌و پرۆژەكانی چاكسازی بۆ دەرچون لەم قەیرانانە، وادەكات هیچ بژاردەیەك نەمێنێ جگە لە هەڵوەشانەوەی ئەم حكومەتە شكستخواردوەو پێكهێنانی حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی، كە هاوسەنگی‌و هاوبەشی تەواوی تێدابێ‌و لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەردی پێشوەخت بۆ پەرلەمانی كوردستان بكات".

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیاندراوی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی یادی بیستوپێنج ساڵەی راپەڕین

راپەڕینی ئازارو بەهاری ١٩٩١ یەكێكە لە دەسكەوتە مەزنەكانی گەلی كوردو جوڵانەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان لە سەدەی بیستەم. لەو وێستگە مێژوییەدا جەماوەرو هێزی پێشمەرگە توانیان بۆ یەكەم جار دەسەڵاتی بەعس لە كوردستان راماڵن‌و شارو شارۆچكەكانی كوردستانی عیراق‌، بە كەركوكەوە، ئازاد بكەن. لایەنەكانی بەرەی كوردستانی‌‌و هێزە سیاسییەكانی تر توانیان بە یەكگرتوویی‌و ژیرانە كات‌و شێوازو بەرنامەی راپەڕین داڕێژن‌و، بە پشتیوانی كۆمەڵانی خەڵك‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و رێكخستنەكانی ناو شارو شانە چەكدارەكان‌، سەركەوتوانە راپەڕین ئەنجام بدەن. رزگاربون لە زوڵمی رژێمی بەعس خەونی دەیان ساڵەی خەڵكی كوردستان بو. لە راپەڕین ئەو خەونەی خەڵك هاتە دی، بەڵام تا ئێستاش بەشێكی زۆری ئامانجەكانی راپەڕین نەهاتونە دی.

ئەمڕۆ كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیارو ترسناكدا تێدەپەڕن، كە ئەگەر بەرپرسانە خۆمانی بۆ ئامادە نەكەین رەنج‌و قوربانیدەیان ساڵەمان بەفیڕۆ دەچێ. كوردستان‌و ناوچەكە بونەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ئیقلیمی‌و جیهانییەكان. ئەو هێزانە خەریكی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی‌و جوگرافیای ناوچەكەن. لەم هەلومەرجەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم كار دەكەن بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان‌و خۆساغكردنەوە لەسەر یەكێك لە میحوەرەكان‌و بەدەستهێنانی دەسكەوتی تاكە كەسی‌و بنەماڵەیی‌و حیزبی‌. لە ئێستادا دەبێ هەمو لایەنە سیاسییەكان بە هاوبەشی ستراتیژێكی نەتەوەیی‌ دابرێژن‌و پەیوەندییەكانمان لە روانگەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی‌و هەنگاونان بەرەو مافی چارەی خۆنوسین بێت. لەسەر ئاستی كوردستان، پێویستە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بەشەكانی تری كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی‌ دروست بكرێ بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی هەر بەشێك‌و دەسوەرنەدان لە كاروباری یەكتر.

دوای بیستوپێنج ساڵ لە حوكمڕانی دەسەڵاتی كوردی‌و بەهۆی نەبونی سیستمێكی سیاسی تەندروست‌و دامەزراوەی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان‌‌‌و دەستێوەردانی حیزبە دەسەڵاتدارەكان لە هەر سێ دەسەڵاتەكەی هەرێم‌، دەسەڵاتداران نەك هەر نەیانتوانیوە كیانێكی سیاسی دامەزراوەیی‌و هاوچەرخ دامەزرێنن بەڵكو هەرێمەكەمانیان توشی چەندین قەیرانی قوڵ كردۆتەوە. ئێستا لە هەرێم قەیرانێكی دارایی دروستبوە، كە رەنگدانەوەی نەك تەنیا لەسەر بژێوی‌و گوزەرانی خەڵك بەڵكو لەسەر باری كۆمەڵایەتی‌و خێزان‌و ئاسایش‌و خوێندن‌و تەندروستیهاوڵاتیانی كوردستان دروستكردوە. پەرلەمانی كوردستان، كە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان‌و چاودێرییە، بە بڕیارێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئیفلیج كراوەو پرۆسەی سیاسی پەكخراوەو یەكڕیزی نیشتیمانی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە مەترسیدان. یاسا بە ئاشكرا پێشێل دەكرێ‌‌و گەندەڵی‌و بەتاڵانبردنی سامانی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەمو سنورێكی بەزاندوە. تا ئێستاش خەڵكی كوردستان‌ نازانن سامان‌و داهاتی ئەم هەرێمە چەندەو چی لێدێ. رۆژ لە دوای رۆژ دەسەڵاتدارانی كوردستان‌و كۆمپانیاو كەسە نزیكەكانیان دەوڵەمەندتر‌و هاوڵاتیانیش هەژارتر دەبن. لە كاتێكدا دەسەڵاتداران خۆیان هۆكاری هەمو ئەو گەندەڵی‌و قەیرانانەن بەڵام  وا خۆیان دەنوێنن كە بەپەرۆشن بۆ چارەسەری قەیرانەكان‌و دەتوانن قیادەی چاكسازی بكەن.لەسەرو هەمو ئەوانەوەو لەم بارودۆخە هەستیارو ترسناكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە پیلانێكی دەرەكی هەوڵی دروستكردنی قەیرانێكی قوڵ‌و ئاڵۆزی تر دەدات دژی لایەنە سیاسییەكان‌و خۆیان لە چارەسەركردنی قەیرانە راستەقینەكان دەدزنەوە.

هاوڵاتیانی خۆڕاگری كوردستان

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیاریێتی بەرامبەر خەڵكی كوردستان‌و ئەزمونەكەمان، جارێكی تر تەئكید لەسەر گرنگی پاراستنی یەكریزی نیشتیمانی‌و بەیەكەوە كاركردن دەكەینەوە لە پێناوی سەروەری یاساو گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان‌و بەدیهێنانی شەفافیەت لە داهات‌و بوارەكانی تری سیاسی‌و حوكمرانی‌وجێبەجێكردنی چاكسازی ریشەیی لە هەمو جومگەكانی حوكمڕانیدا. بەمەش‌ دەتوانین چارەسەری گونجاو بۆ هەمو قەیرانەكان بدۆزینەوە. بە پێچەوانەوە، بەردەوامبونی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە گوێنەگرتن لە داخوازییەكانی خەڵك‌‌و پرۆژەكانی چاكسازی بۆ دەرچون لەم قەیرانانە، وادەكات هیچ بژاردەیەك نەمێنێ جگە لە هەڵوەشانەوەی ئەم حكومەتە شكستخواردوەو پێكهێنانی حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی، كە هاوسەنگی‌و هاوبەشی تەواوی تێدابێ‌و لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەردی پێشوەخت بۆ پەرلەمانی كوردستان بكات.

هەر بەم بۆنەیەوە تەئكید دەكەینەوە كە پشتیوانی تەواوی داوا رەواكانی موچەخۆرو هاوڵاتیانی كوردستان دەكەین‌و هەمو شێوازێكی سیاسی‌و مەدەنی دەگرینە بەر بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان. داواكارین كە هاوڵاتیانی كوردستانیش بە رێگای شارستانیانەو دور لە توندوتیژی داواكارییەكانیان بخەنەڕو.

نەمری بۆ شەهیدانی راپەڕین‌و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری‌و خەباتی مەدەنیلە كوردستان.

سەربەرزی بۆ هەمو ئەو پێشمەرگەو هێزانەی لە بەرەكانی شەڕدا بەرگری لە خاك‌و كەرامەتی گەلەكەمان دەكەن.

بزوتنەوەی گۆڕان

٢/٣/٢٠١٦