دیواری میهره‌بانی؛ چیت هه‌یه‌ بیبه‌خشه‌، چیت پێویسته‌ بیبه‌

هه‌ڵمه‌تێكی خۆبه‌خشییه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8179b03b-deac-4223-993b-1c41840784dc/Diwari%20mihrabany.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لە شارۆچكه‌ی بنه‌سڵاوه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای ھەولێر، ھاووڵاتیان لادیوارێكی مزگەوتێكیان ناوناوە دیواری میھرەبانی، بەو پێیەی خەڵكی ناوچەكە جلوبەرگ و كەلوپەلی زیادەیان لەو شوێنە دادەنێن، بۆ ئەوەی خەڵكی دیكەی كەمدەرامەت لێی سوودمەند بن.

دیوارێك میھرەبانی مرۆڤ تاقی دەكاتەوە، له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ نووسراوه‌: "ئەگەر ھەتە بیبەخشە، ئەگەر نا وەرە من بە تۆی دەبەخشم".

ئەم گەنجە دەمێك بوو بیری لەوە دەكردەوە جل و بەرگە زیادەكانی ببەخشێ، بەڵام ترسی لەوە ھەبوو ئەگەر خۆی بە ھەر كەسێكی بدات تووشی شەرمی بكات، وەك خۆی دەڵێ ئەم دیوارە ترسەكانی ڕەواندەوە...

دیواری میھرەبانی، بۆ ماڵە ھەژارەكان بووه‌تە بازاڕێكی بچووك، بازاڕێك، بێ ئەوەی ھیچ نرخێكی لەسەر دیاری كرابێت، دایكان و باوكانیش چیتر لە ئاست داواكاری پەپوولەكانیان بۆ جل كڕین، ناچارنین بە ھەڵكیشانی ھەناسەی نائومێدی وەڵامیان بدەنەوە، دەیانھێننە ئێرە و بارگە بەتاڵەكانیان لە جل و چاوی منداڵەكانیشیان لە ئومێد پڕ دەكەن.

ئەم ھەڵمەتە لەلایەن چەند گەنجێكی شارۆچكەی بنەسڵاوە ڕێكخراوە، ئەوان ئاماژە بەوە دەكەن رۆژانە لە زۆر شوێنی جیاجیاوە خێزانەكان شتە زیادەكانیان دێننە ئێرەو بە دیواری میھرەبانیدا ھەڵیدەواسن.

ئەگەر زۆر جار بە ڕووی ھەژاراندا دەرگاكان داخرابن، دیواری میھرەبانی بەبێ بوونی ھیچ دەرگایەك پێشوازیان لێدەكات و جلوبەرگیان پێدەبەخشێ.