كچه خوێندكارێك لهناو زانكۆ فیشهكێك بهخۆیهوه دهنێت
K24 - ههولێر:
كچە خوێندكارێكی زانكۆی بەیان، لە شاری ھەولێر لە نێو زانكۆدا فیشەكێكی نا بە سینگی خۆیەوە، ھاوپۆلەكانی لە ناو زانكۆ و سەرۆكی زانكۆكەش ئاماژە بەوە دهكهن، ئەم كچە ھیچ كێشە و گرفتێكی لە ناو زانكۆ نەبووە.
بە گوێرهی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان 24 كەوتووە ئەو كچە خوێندكارە لە دایك بووی 1995 و قوتابی قۆناغی دووی بەشی یاسای زانكۆكهیه، چەند خوولەكێك پێش رووداوەكە پۆستێكی لە لاپەرەی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك بڵاوكردوەتەوە تێیدا داوای گەردن ئازایی لە ھاورێیانی كردووە.
د. سهعید خۆشناو، سهرۆكی زانكۆی بهیان تایبهت بۆ كوردستان 24 گوتی: "له خوێندكاره هاوپۆلهكانیشمان پرسیوه ئهو كچه هیچ كێشهیهكی لهناو زانكۆدا نهبووه".
بنەماڵە و كەسوكاری ئەم كچە ئامادەنەبوون لە بەردەم كامێرا زانیاری بدركێنن، بهڵام دایكی ئاماژەی بەوەكرد كچەكەی ھیچ كێشەیەكی لە ناو خێزانەكەیان نەبووە و شەوێك پێش رووداوەكە بە تەلەفۆن ئاگاداری بووە و تەندروستیشی باش بووە.
دوای رووداوەكە خوێندكارەكە گەیەندراوەتە بەشی فریاكەوتنی ھەولێر و نەشتەرگەری تایبەتی بۆ كراوە و ئیستا لە ژێر چاودێری چڕدایە، تیمەكانی ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە رووداوهكه.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ھەموو كۆلێژەكان پرسگە و پاسەوانی ھەیە و بردنە ژوورەوەی چەك لەلایەن خوێندكارانەوە بۆ نێو زانكۆ قەدەخەیە.