"3 سه‌ربازی توركیا و 10 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ كوژراون"

سوپای توركیا له‌و باره‌یه‌وه‌ راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سوپای توركیا رایگه‌یاند له‌ شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان دوێنێ 13 كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژراون.

له‌ راگه‌یاندراوێكدا سوپای توركیا گوتی: "دوێنێ چوارشه‌ممه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی باشووری رۆژهه‌ڵاتی وڵات 3 سه‌رباز و 10 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ كوژراون".

سوپای توركیا روونیكرده‌وه‌: "له‌ پرۆسه‌یه‌كی ئه‌منیدا له‌ ناوچه‌ی داركجیت له‌ ماردین 3 سه‌رباز و 8 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ كوژراون".  

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "هه‌ر دوێنێ له‌ ناوچه‌ی سووری دیاربه‌كریش دوو چه‌كداری دیكه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ كوژراون".

لای خۆیه‌وه‌ گوته‌بێژی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) باڵی سه‌ربازی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) به‌ ماڵپه‌ڕی كوردستان24 راگه‌یاند: "پاش كاتژمێرێكی دیكه‌ هه‌په‌گه‌  لێدوانێكی چاپه‌مه‌نی بڵاوده‌كاته‌وه‌".

دوای سێ ساڵ  له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتیی نێوان په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا، له‌ ته‌ممووزی 2015 ئاگربه‌ستی نێوان سوپای توركیا و هه‌په‌گه‌ی باڵی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌ كۆتایی هات.

له‌ دوای كۆتایی هاتنی ئاگربه‌سته‌كه‌ش‌ تا ئێستا شاره‌ كوردییه‌كان له‌ توركیا توندوتیژی به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان كه‌س له‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و هاووڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌ كوژراون.

له‌ ساڵی 1984 پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌ ئه‌مریكا و توركیا به‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی دایده‌نێن، ده‌ستی به‌ كاری چه‌كداری له‌ دژی ده‌وڵه‌تی توركیا كردووه‌، به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانیش له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 40 هه‌زار كه‌س كوژراون.    

 سه‌رچاوه‌: رۆیته‌رز ، ئا: م.ح