به ڤیدیۆ.. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره پێویسته په‌یامنێران ئینگلیزییه‌كی ره‌وان بزانن
K24 - هه‌ولێر:
گفتوگۆی نێوان لیۆناردۆ دیكاپریۆ براوه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار و خانمی رۆژنامه‌وانێكی میسری به‌ناوی شه‌یما عه‌بدولمونعیم، بووه‌ته جێگای سه‌رنجی میدیاكان و رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندێنت"یش ده‌ڵێت: "له به‌رامبه‌ر ئه‌و گفتوگۆیه پێویسته ئۆسكارێكی دیكه به لیۆناردۆ بدرێت".
دوای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له لۆس ئه‌نجلۆس، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی "رۆژی حه‌وته‌م – الیوم السابع"ی میسری، پرسیارێكی ئاراسته‌ی لیۆناردۆ دیكاپریۆ كرد، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی شاره‌زاییه‌كی باشی زمانی ئینگلیزی، ئه‌و ئه‌كته‌ره به ئه‌سته‌م له پرسیاره‌كه تێگه‌یشت.
له ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵی رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه‌دا هاتووه: "زۆر شتی دیكه هه‌بوون له‌و ئه‌كته‌ره به‌هره‌مه‌نده و خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك فیلمی جیهانییه، به‌ڵام له رووی پیشه‌ییه‌وه ده‌كرا بپرسێت (كامه تامی Skittle به‌لاته‌وه خۆشترینه - سكیتڵ جۆرێكی شۆكۆلاته‌یه) كه پرسیارێكی زۆر گرنگتربوو له پرسیاری په‌یامنێره میسرییه‌كه".
ده‌قی گفتوگۆی نێوان دی كاپرۆ و په‌یامنێره میسرییه‌كه، وه‌ك رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه:
- په‌یامنێر: من یه‌كه‌م رۆژنامه‌وانی میسریم لێره‌وه رووماڵی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی ئۆسكار بكات، له باره‌ی بردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئۆسكار چی ده‌ڵێیت؟
دی كاپریۆ: ببووره، پرسیاره‌كه‌ت چی بوو؟
په‌یامنێره‌كه: چی ده‌ڵێی له باره‌ی یه‌كه‌م ئۆسكار بۆتۆ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
دی كاپریۆ: ئۆسكاره‌كه‌م چییه‌تی؟
په‌یامنێره‌كه: له باره‌ی ئۆسكاره‌كه‌ت چی ده‌ڵێی؟
دی كاپریۆ: به‌ڵێ، هه‌ستێكی زۆر خۆشه.
په‌یامنێره‌كه: ئه‌وه یه‌كه‌م ئۆسكارته، چی له باره‌یه‌وه ده‌ڵێی؟
دی كاپریۆ: به‌ڵێ یه‌كه‌مه، سه‌یربكه هه‌ر وه‌ك گوتم، زۆر مه‌منوونم، سوپاس بۆتۆ.
رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندێنت" ده‌ڵێت: "ده‌كرێت چاوپۆشی له هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی بكرێت، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له دیكاپریۆ و ده‌رهێنه‌ره‌كه، به‌هۆی هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانییه‌وه سه‌ریان له ناڕوونی پرسیاره‌كه سوڕما".
كاردانه‌وه‌ی ئه‌و رۆژنامه به‌ریتانییه، ته‌نها نه‌بوو، به‌ڵكو تۆڕی "NOS" هۆڵه‌ندیش، به‌دواداچوونی بۆ كاردانه‌وه‌ی میسرییه‌كان كرد له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت و میسرییه‌كان تووڕه‌یی خۆیان له به‌رامبه‌ر ئه‌و گفتوگۆیه‌ی په‌یامنێره میسرییه‌كه ده‌ربڕی.
به‌ڵام رۆژنامه‌ی "The National"ی ئیماراتی كه به زمانی ئینگلیزی بڵاوده‌بێته‌وه، رایگه‌یاند، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وایانكردووه به‌و شێوه چڕه باس له‌و رووداوه بكه‌ن.
ئه‌و رۆژنامه‌یه راشیگه‌یاندووه به‌شێكی زۆر له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پرسیاری په‌یامنێره‌كه به "what about French toaster for you" تێگه‌یشتوون، كه به‌واتای "چی له باره‌ی نانی فه‌ره‌نسی ده‌ڵێی" دێت.