په‌كه‌كه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌شداری یادی راپه‌ڕین بكات

په‌كه‌: نانه‌وه‌ی پشێوی له‌ به‌رنامه‌ی ئێمه‌دا نییه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c04718e9-d9af-48de-a929-da545bc4481a/ranyaw%20kanton.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

فەرماندە سەربازییەکانی سنووری راپه‌ڕین چەند رۆژێکە بە ھێزێکی تایبەت گەڕاونەتەوە ناوچەکە، بۆ ئەوەی له‌ یادی 25 ساڵه‌ی راپه‌ڕین، رێگری لە نانەوەی ھەر ئاژاوەیەك بکەن.

پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە رایگەیاند، بەشداریکردنیان لە یادی راپەڕینی پێنجی سێ له‌ رانیە، تەنیا پروپاگەندەیە، رەتیشی دەکەنەوە دروستكردنی كێشە لە بەرنامەی پەکەکەدا بێت.

شارۆچكه‌ی سەنگەسەر سنووری نێوان ئیدارەی راپەرین و ناوچەی پەکەکە نشینە، دووری شارۆچكه‌كه‌ و رانیە تەنھا حەوت کیلۆمەترە، ھەر چەکدارێکی پەکەکە بیەوێت بێته‌ ناو رانیه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان، پێویستە به‌ شارۆچكه‌ی سەنگەسەر ببرێت.

ھیچ کەسێکی ناوچەکە بە ئەندازەی ئەم پیاوە پەکەکە ناناسێت، چونکە تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ سەرپەرشتی سەرجەم شانەکانی پەکەکە بووە لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین، ئەو دەڵێ لەم رۆژانە ھیچ پەکەکەیەک لە ناو شار نەبیندراوە.

چەند رۆژێکە بە نھێنی ھێزێکی زۆر لە تەواوی ئیدارەی راپەرین بڵاوەی پێکراوە، بێ ئەوەی کەس ھەستی پێ بکات و ھاوڵاتیانی ناوچەکەش سەرقاڵی کاروباری رۆژانەیانن، فەرماندەیەکی سەربازی ناوچەکەش بۆچوونی لەسەر دروستکردنی کانتۆنی راپەرین جیاوەزازە، ئەو دەڵێ ھەندێ لایەن دەیانەوێ پشێوی دروست بکەن و توورەی خەڵکی ناوچەکەیان قۆزیوەتەوە .

کوردستان ٢٤ ھەوڵی دا قسەی کەسی یەکەمی بزوتنەوەی گۆران لە ناوچەکە وەربگرێت ئەو ئامادە نەبوو ھیچ قسەیەک لەو بارەوە بکات، لە کاتێکدا ھەموو ئاماژەکان بۆ نانەوەی پشێوی لە ناوچەکە بزووتنەوەکە تاوانبار دەکەن، چونکە لە ماوەی ٢ مانگی رابردوو نزیکەی ٨٠ تەن چەکی سووك و قورس، بە ھاوکاری وڵاتێکی ھاوسنووری ناوچەکە لەلایەن ئەندامان و بازرگانانی چەکی نزیك لە گۆران کڕدراوە، ھاوکات لە چەند رۆژی رابردووشدا چوار ھەمەری سەربازی کریوە، نرخی ھەر ھەمەرێکیش ١٥ ھەزار دۆلاری ئەمریکی بووە.