دوو مانگ مۆڵه‌ت دراوه‌ته یۆنان قه‌یرانی كۆچبه‌ران چاره‌سه‌ربكا
K24 – هه‌ولێر:
دیمیتریس ئه‌فرامۆبۆلۆس كۆمیسیاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ كۆچ ئه‌مڕۆ به رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیی راگه‌یاند، یه‌كێتیی ئه‌وروپا تا 12مانگی ئایاری داهاتووی مۆڵه‌تی داوه‌ته یۆنان به رێكوپێكی هه‌موو كۆچبه‌ران تۆمار بكا یان به‌ره‌وڕووی رێوشوێنی زیاتری چاودێریكردنی سنوور بێته‌وه.
ئه‌فرامۆبۆلۆس كه پێشتر وه‌زیر بووه له حكوومه‌تی یۆنان به رۆژنامه‌ی (دی فێڵت) ی گوت: "تا مانگی ئایاری داهاتوو مۆڵه‌ت له‌به‌رده‌م یۆناندایه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاریی له سنووره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بكا".
گوتیشی: "هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گشتگیر بۆ بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر تا ئه‌و به‌رواره هیچ پێشكه‌وتنێكمان نه‌بینی ئه‌وا دوودڵ نابێ له دانانی ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه ده‌بنه مایه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی رێوشوێنه‌كانی چاودیریكردنی سنووره‌كان له ئه‌وروپا".
كۆمیسیاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ كۆچ به‌و رۆژنامه ئه‌ڵمانییه‌ی راگه‌یاندووه: "ئامانج له‌مه بۆ ئه‌وه‌یه به هاتنی مانگی تشرینی دووه‌می داهاتوو، هه‌موو ئه‌و كۆت و به‌ندانه هه‌ڵبگیرێن كه به‌هۆی قه‌یرانی كۆچبه‌رانه‌وه خراونه‌ته سه‌ر سنووره‌كان له ناوچه‌ی شنگن".
ساڵی پار یۆنان ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كیی بووه بۆ تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كۆچبه‌ر به‌ره‌و باكووری ئه‌وروپا كه له رێی ده‌ریای ئیجه‌وه له توركیا بۆ یۆنان په‌ڕیونه‌ته‌وه.
ئه‌و شه‌پۆڵه‌ی كۆچبه‌ران وای له نه‌مسا و وڵاتانی دیكه كرد، كۆت و به‌ند له‌سه‌ر سنووره‌كانیان دابنێن، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گیرخواردنی نزیكه‌ی 30 هه‌زار كۆچبه‌ر له یۆنان كه له‌به‌ر هۆكاری ئابووریی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆچیان به‌ره‌و ئه‌وروپا كردووه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز ، و: م.ح