سەرۆكی شارەوانیی سلۆپی دەستگیركرا

پێشتر بە تۆمەتی ھاوكاری پەكەكە دەستگیركرابوو

K24 - شرناخ:

دوای ئازادكردنی بە كەفالەت جارێكی دیكە سەرۆكی شارەوانیی سلۆپی لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا.

پەیامنێری (كوردستان24) لە باكووری كوردستان رایگەیاند: "ھێزە ئەمنییەكانی توركیا ئەمینە ئەسمەر، سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی سلۆپی سەر بە شاری شرناخی باكووری كوردستانیان دەستگیركرد".

ئەمینە ئەسمەر، بە نەتەوە كوردە و لە 23ی مانگی رابردووی ئەمساڵ بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستگیركرا و دواتر بە كەفالەت ئازادكرا، بەڵام دوێنێ جارێكی دیكە دەستگیركرایەوە".

دوای وەستانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، نزیكەی ساڵێكە شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان زیاتر پەرەیان سەندووە، جگە لە شەڕی لە ناوچە سنوورییەكان لە نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیا، لێدانی خەندەق و ئۆپەڕاسیۆن لە ناو شارەكان بەردەوامی ھەیە و رەوشەكەی ئاڵۆزتر كردووە.

بەپێی ئاماری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵی مەدەنی و بە دواداچوونی رۆژنامەوانان، لەم ماوەیەدا چەندین سیاسەتمدار و گەنجی كورد بە تۆمەتی پەیوەندیان بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستگیركراون.

داڕشتنەوە: ھ . م