سەرۆکی ھەرێمی كوردستان خۆی بەشداردەبێت لە چاكسازیی

"دەبێ یاسا بەسەر ھەموو كەس بە یەكسانی جێبەجێ بكرێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5b4264d7-babc-493c-b161-0e2d9c32631a/BARZANI%20W%20CHAKSAZI.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

گوتەبێژی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ھەرشتێك پێویست بێت لە لایەن دەزگا چاودێرەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی چاكسازیی، ئەوا بارزانی خۆی دێتە ناو پڕۆسەكە و بەشداریی دەكات، سەرۆكی دەستەی دەسپاكیش دەڵێ دەبێ یاسا بەسەر ھەموو كەس بە یەكسانی جێبەجێ بكرێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) ئومێد سه‌باح، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: "سەرۆكی ھەرێمی كوردستان خۆی بەشدار دەبێت لە پڕۆسەی چاكسازیی و ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات".

گوتیشی: "ھەرشتێك پێویست بێت لە لایەن دەزگا چاودێرەكان بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان و پڕۆسەی چاكسازیی خۆی دێتە ناو پڕۆسەكە و ھەر ئاسانكارییەك پێویست بێت دەیكات".

ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان بە (كوردستان24) گوت: "كاتێك دەڵێین یاسا بێگومان دەبێ یاسا بەسەر ھەموو كەس بە یەكسانی جێبەجێ بكرێت، جا ئەو كەسە فەرمانبەری ئاسایی بێت یان بەرپرس".

لە بارەی بڕیارەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی لە ھەرێمی كوردستان، ژمارەیەك ھاووڵاتی بۆ (كوردستان24) دوان و ئەوان بە ئومێدەوە لەو پڕۆسەیە دەڕوانن و ئومێد دەكەن ھەموو لایەك ھاوكار بێت لە سەركەوتنی پرۆژەكە بۆ بەرژەوەندی گەلی كورد و حوكمڕانیی لە باشووری كوردستان.

داڕشتنەوە: ھ . م