تورکیا ئامادەیە پێشوازیی لە پەنابەرە دیپۆرتکاراوەکان بکات

بەو مەرجەی پەنبەرانی سووریا نەبن

K24- هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵۆ رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە پێشوازیی لەو پەنابەرانە بکات کە لە یۆنانەوە دیپۆرت دەکرێنەوە بەو مەرجەی پەنابەرانی سووریی نەبن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ نیکۆس کۆتزیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لە ئەسیناوە، راشیگەیاند: "دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە پرسی پێشوازییکردن لە پەنابەران کردووە، بە تایبەت پەنابەرانی وڵاتانی مەغریب و پاکستان و ئەفغانستان".

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکی ماوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لە بارەی قەیرانی کۆچبەرانەوە.

مەولوود چاوشئۆغڵۆ گوتیشی: "رێککەوتنێکمان لەگەڵ یۆنان و بوڵغاریا و چەند وڵاتێکی دیکە واژۆ کردووە بۆ دووبارە پێشوازیلێکردن و کار دەکەین بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەشی کرد کە: "یۆنان نزیکەی 860 داواکاریی دووبارە پێشوازیلێکردنی رەوانەی تورکیا کردووە و 99%ی ئەو داواکارییانە قبووڵ کراون".

ئەمە لە کاتێکدایە چوارشەممەی رابردوو 300 کۆچبەری وڵاتانی باکووری ئەفریقا لە یۆنانەوە دیپۆرتی تورکیا کرانەوە.

رێککەوتنی پێشوازیکردنی تورکیا لە پەنابەرانی دیپۆرتکراو لە لایەن یۆنانەوە، لە ساڵی 2002 لە نێوان هەردوو ئەم وڵاتە واژۆ کراوە، بەبێ ئەوەی بە کردار جێبەجێ بکرێت.

ئەم هەنگاوەی تورکیا و یۆنان بە هەوڵێکی پێشوەخت دادەنرێ بۆ رێگەگرتن لە بە لێشاو چوونی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە رێگەی یۆنان، کە پێشبینی دەکرێ لە وەرزی هاوینی داهاتوو پەرە بسەنێ.

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف