لە رۆژئاوای كوردستان سەركردەیەكی پارتێكی كوردیی دەستگیركرا

چەند ئەندام و كادیری دیكەیان لە لایەن ئاسایش دەستگیركراون

K24 - ھەولێر:

ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان لە شاری عەفرین سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا دەستگیركرد.

لە بەیاننامەیەكدا نووسینەگەی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا رایگەیاند: "كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو ئاسایشی عەفرین عەبدولرەحمان ئاپۆ، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی دەستگیركردوە".

لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا دەستگیركردنی عەبدولرەحمان شەرمەزاردەكات و داوای ئازادكردنی ئەو سەركردەیە و حه‌وت ئەندامی دیكەیمان دەكەین كە ماوەیەكە لە حەلەب و عەفرین دەستگیركراون".

عەبدولرەحمان ئاپۆ، یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا، ئەمە سێیەمجارە لە لایەن ئاسایشی شاری عەفرینەوە دەستگیر دەكرێت، بەڵام تا ئێستا ئاسایشی ئەو شارە ھیچ لێدوانێكی لە بارەی دەستگیركردنی ئەو كەسە بڵاو بەكردووەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا چەند جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا، بە فەرمی نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر دەستگیركردنی كادیر و ئەندامانی حزبەكەی لە لایەن ئاسایش راگەیاندووە، بە گوێرەی گوتەی ئەو پارتە ئێستا ھەشت كادیر و ئەندامی حزبەكەیان لە لایەن ئاسایش دەستگیركراون.

داڕشتنەوە: ھ . م