ئەردۆغان داوا دەکات شارێک بۆ پەنابەرانی سووریا دروست بکرێت

K24- هەولێر

سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیازی دروستکردنی شارێک دەکات لە باکووری سووریا بۆ نیشتەجێکردنی بەشێک لە پەنابەرانی سووریا کە لە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە هەڵاتوون.

رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: "دەمەوێ شتێکتان پێ بلێم، رێگە چارە چییە؟ پێویستە شارێک لە باکووری سووریا دروست بکەین بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرەکان بۆ ئەوێ".

سەرۆک کۆماری تورکیا هاوکات روونی کردەوە کە دەکرێ ئەو شارە لە نزیکی سنووری تورکیا دروست بکرێت بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی.

سەرۆک کۆماری تورکیا گوتیشی: "لەگەڵ (سەرۆکی ئەمریکا) ئۆباما قسەم کرد و تەنانەت پێکەوە ناوچەکەشمان دەستنیشان کرد، بەڵام هێشتا پرۆژەکە تەواو نەبووە" و کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دیار نەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی حکوومەتی تورکیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نزیکەی 2.7 ملیۆن پەنابەری سووریا لە تورکیا نیشتەجێن، هاوکات لە مێژەوە ئەنقەرە هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین دەدات لە سووریا، بەڵام ئەمە یەکەم جارە ئەنقەرە پێشنیازێکی هاوشێوە بخاتەڕوو و داوای دروستکردنی شارێک بکات بۆ پەنابەرانی سووریا.

سەرچاوە: ئەنادۆلۆ، ئا: ئا ، ف