یەكێتی پەیامی نوێی گۆڕان بە پارتی دەگەیەنێت
K24 - ھەولێر:
بە مەبەستی تاوتوێكردنی رەوشی ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان شاندی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەولێر لە كۆبوونەوەدان.
پەیامنێری (كوردستان24) لە ھەولێر رایگەیاند: "لە بارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و دەست بەكاربوونەوەی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان، شاندی یەكێتی پەیامێكی نوێی گۆڕانی بۆ پارتی ھێناوە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "پێشنیازەكانی یەكێتی یەكێكیان ئەوەیە كە پارتی رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان بۆ ماوەیەكی كاتی تا دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت، ھەروەھا گۆڕنیش ھیچ مەرجێك بۆ پارتی دانەنێت".
پەیامنێرمان ئەوەشی خستەڕوو: "بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە روونی باس لە كەیسی نەوت بكرێت، چونكە سەركردایەتی یەكێتی لە كەیسی نەوت بوونە بە دوو بەرە، بەرەیەكیان دەڵێن بە ھیچ شێوەیەك ئاگاداری كەیسی نەوتی ھەرێمی كوردستان نین، ھەندێكی دیكەشیان دەڵێن ئاگادارین، بۆیە بڕیارە لە كۆبوونەوە رونكردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدرێت".
داڕشتنەوە: ھ. م