فراكسیۆنە كوردییەكان پەیامی ھاوبەشیان دەبێت بۆ عەبادی

كورد دەیەوێت لە نیازی گۆڕانكارییەكان تێ بكات

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك كورد پەیامی ھاوبەشیان دەبێت و دەیانەوێت لە گۆڕانكارییەكانی عەبادی، لە كابینەی حكوومەت تێبگەن.

لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) خەسرۆ گۆران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەك فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق پەیامێكی ھاوبەشمان دەبێت، دەمانەوێت لەوە تێ بگەین گۆڕانكارییەكان لە كابینەی حكوومەت چۆن و چین".

گوتیشی: "دەمانەوێت لەو كۆبوونەوەیە بە سەرۆك وەزیران بڵێین لە ئەگەری گۆڕینی ھەر وەزیرێكی كورد بە بێ رێككەوتن نابێت، لە كاتێكدا گەر گۆڕانكاری گشتگیر بكرێت دەبێ رێككەوتن لەگەڵ كوردا بكرێت".

ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: "پێش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، فراكسیۆنە كوردییەكان كۆدەبێنەوە و بۆچوون و پێشنیارەكان لە نێوخۆماندا دەخەینەڕوو"

بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی گۆڕانكارییەكانی لە پێكھاتەی حكوومەتی عێراق، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببنەوە.

پێشتر سەرۆك حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، بە مەبەستی چاكسازی گۆڕانكاری لە كابینەی حكوومەت دەكات، بەڵام كورد دەیەوێت لە نیازی ئەو گۆڕانكاریانە تێبگات.