داوودئۆغڵۆ: لە بارەی دەستووری نوێی تورکیاوە سازش ناکەین

K24- هەولێر

ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند لەبارەی دەستووری نوێی تورکیاوە سازش ناکەین و پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی پێویست لە پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی راپرسی گشتیی لە بارەی دەستووری نوێوە.

ئەحمەد داوودئۆغڵۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی خەبری سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان کە سەرۆکایەتی دەکات راشیگەیاند: "پشتگیریی تەواوی ئەندامانمان لە پەرلەمان (ژمارەیان 317) بەدەستدێنین".

سەرۆک وەزیرانی تورکیا دڵنیاییشی دا: "لەبارەی دەستووری نوێی تورکیاوە سازش ناکەین و پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵی بەدەستهێنانی 330 دەنگ دەدات کە پێویستێتی لە پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی راپرسی گشتیی لە بارەی دەستوورەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادان باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، جگە لەوەی ململانێی دەسەڵات لەگەڵ راگەیاندن و رۆژنامەکان گەیشتووەتە ئاستێک یەکێتیی ئەوروپای هێناوەتە دەنگ.

بەڵام چاەودێرانی سیاسیی لە تورکیا دەڵێن ئامانجی دەسەڵات و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەدیهێنانی دەستوورێکی نوێ نییە بۆ تورکیا، هێندەی ئەردۆغان ئامانجێتی ببێتە سەرۆکی تورکیا بۆ هەتا هەتایی و بە دەسەڵاتی بێسنوور.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف