ژنانی بازاڕی سلێمانی داوای شوێنی تایبەت بەخۆیان دەكەن

گژوگیای بەھار و بەروبوومی خۆماڵی دەفرۆشن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/294d38d0-3020-47d9-9b4d-9846bd197a7b/Gulbehar-Slemani.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

كۆمەڵێك ژنی گوندنشین ھەموو بەیانیان و لە وەرزە جیاوازەكان گژوگیا و بەروبوومە خۆماڵیەكان دەگەیننە بازاڕی سلێمانی، ھەر چەندە داواكار و كڕیاریان زۆرە بەڵام تا ئێستا شوێنێكی تایبەت دیار بەكراوە بۆ كارەكەیان، ئەوان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن شوێنیكی تایبەتیان بۆ دیار بكەن.

گوڵ بەهار، یەكێكە لەو ژنانەی كە گژی گیای بەھارە و بەروبوومی خۆماڵی لە بازاڕی سلێمانی دەفرۆشێت، ئەو تەمەنی كارەكەی دەگێڕێتەوە بۆ پەنجا ساڵ لەمەوبەر و بە (كوردستان24)ی گوت: "ئێمە بەو كارە دەژین ھیچ شتێكی دیكە شك نابەم، داوا دەكەین شوێنێكی تایبەتمان بۆ دیار بكەن، ئەوە ژیان نییە ئێمەی تێداین، رۆژانە كە لێرە كار دەكەم زۆر خەفەت دەخۆم، چونكە شوێنمان خراپە".

ئەوان سەرباری ماندوبوون و گرفتی نەبوونی شوێن بۆ كارەكەیان خەمی نیشتیمان و پێشمەرگەیانە یەكێك لەو ژنانە دەڵێ: "لە خودا دەپاڕێیمەوە چی دیكە پێشمەرگەكانمان شەھید نەبن، خەڵكەكەمان ماڵوێران و سەرگەردان نەبێت، ئەم شەڕ ئاژاوە لە كوردستان نەمێنێت ھیچی دیكەم ناوێ لەم دونیایە ھەر دەژیم".

لە بارەی كاركردنی ئەو ژنانە و ژنانی دیكە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئاراس گەلاویژ، چالاکوانى بوارى ژنان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ژنان لە كۆمەڵگەی ئێمە مافی بە دەستھێناوە و كاردەكات، ژن دەتوانێت لەو چوارچێوە ئایدیلۆژیە ئاینییە دەربچێت".

گوتیشی: "لە كۆمەڵگە مۆدێرنەكان ژنان كاردەكەن، بەڵام بە شێوازێك كار دەكەن دەتوانن ئایندەی خۆیان مسۆگەر بكەن".

لە دێر زەمانەوە ژنان لە كۆمەڵگەی كوردی شان بەشانی پیاوان كاریان كردووە، بەڵام بەپێی سەردەم و كات كارەكانیان گۆڕاوە، كەمترن ئەو ژنانەی بەردەوام بوونە لەسەر پیشەكانی پێشوویان، ئەم كۆمەڵە ژنەی بازاڕی سلێمانی كە لەگەڵ گەزەنگی بەیان گژوگیا و بەرھەمە خۆماڵیەكان دەگەیەنن بە كڕیاران، خەمی ئەوان نەبوونی شوێنێكی تایبەتە بە خۆیان، بۆیە دەخوازن لە بەرپرسانی ئیداری شارەكە شوێنێكی گونجاویان بۆ دیار بكەن".

داڕشتنەوە: ھ . م