زەلمای خەلیلزاد: چەندین جار ئەمریكا و ئێران بە نھێنی كۆبوونەتەوە

"ئەمریکا و ئێران چەندین جار بە نھێنی کۆبوونەوەتەوە پێش ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2003 ھێرش بکاتە سەر عێراق"

K24 - ھەولێر:

باڵیۆزی پێشوتری ئەمریکا لە عێراق زەلمای خەلیلزاد، کتێبێکی نوێی لەسەر کاتی باڵیۆزی ئەمریكابوو لە عێراق بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات کە چۆن ئەمریکا و ئێران چەندین جار بە نھێنی کۆبوونەوەتەوە پێش ئەوەی ئەمریکا لەساڵی 2003 ھێرش بکاتە سەر عێراق.

لەو کتێبەیدا بەناوی "نوێنەر"، خەلیلزاد دەڵێت: پێش شەڕی عێراق، بەرپرسانی ئەمریکی چەند جارێک لەگەڵ باڵیۆزی ئەوکاتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزیری دەرەوەی ئێستایان محەمەد جەواد زەریف کۆبوونەتەوە و داوایان لە ئێران کردووە دڵنیایان بدات کە ئەگەر فڕۆکەی ئەمریکی نزیکی سنوورەکانی ئێران بوونەوە، تەقەی لێنەکەن و نەیخەنە خوارەوە.

ھەروەھا خەلیلزاد دەشڵێت: کە ئێران رازی بوو بەوەی فشار بخاتە سەر لایەنە شیعەکانی عێراق، پشتگیریی ھەوڵەکانی ئەمریکا بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتی فرەلایەنی لە بەغدا، بەڵام ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەمریکا و ئێرانییەکان ناکۆکیان بووە لە سەر ئەوەی حکوومەتە نوێیەكەی بەغدا چۆن دەبێت.

خەلیلزاد ئەوەشی نووسیووە لەساڵی 2013 ئیدارەی بوش کۆتایی بەو کۆبوونەوانە ھێنان کاتێک واشنتن ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرکردەکانی قاعیدەی لە عێراق حەشارداوە.

زەلمای خەلیلزادە لە ساڵی 2005 تا 2007 باڵیوزی ئەمریكابووە لە عێراق.

 داڕشتنەوە: ش، م