فەرماندەیەكی سوپای عێراق: ئۆپەرسیۆنی مووسڵ چەند مانگی دیكەی ماوە

بەگوێرەی زانیارییە سەربازییەکانی ھێزی ھاوپەیمانان نزیکەی 30 ھەزار سەرباز پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە

K24 - ھەولێر:

فەرماندەیەکی سەربازی سوپای عێراقی کە سەرپەرشتی ئەو ھێزە عێراقییە دەکات لە مەخموور جێگیر کراوە بۆ ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، ئاشکرای دەکات دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی شاری مووسڵ چەندین مانگی دیکەی ماوە.

ملازم محەمەد ئەلوەقا، فەرماندەی سوپای عێراقی لە مەخمور بە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس رایگەیاندووە: کە ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ جارێ چەندین مانگی دیکەی ماوە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوو دا چەند جارێک  حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، کاتی دەستپێکی ئۆپراسیۆنی مووسڵ زۆر نزیکە.

بەگوێرەی زانیارییە سەربازییەکانی ھێزی ھاوپەیمانان نزیکەی 30 ھەزار سەرباز پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە، بەڵام لە مەخموور تەنیا نزیکەی سێ ھەزار سەربازی لێیە کە یەکێکە لە خاڵە ستراتیژییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە.

ئەو ملازمەی سوپای عێراقی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەوان مەشقیان پێکراوە و ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنەکە، بەڵام ئەو ژمارە کەمە و بەس نییە بۆ ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ.

شاری مووسڵ لەحوزەیرانی 2014 كەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی داعش تا ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش دایە بە پێگەی بەھێزی ئەو رێكخراوە دادەنرێت.

 داڕشتنەوە: ش، م