تورکیا و ئێران لە دژی خواستی کورد لە سووریا رێککەوتن

K24-هەولێر

سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی و ئێران لەسەر گرنگیی مانەوەی سووریا بە یەکپارچەیی رێککەوتوون.

ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە دوای سەردانێکی بۆ تاران کە لە چەند رۆژی رابردوو ئەنجامی دا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: "ئاگربەست لە سووریا هێشتا جێگری نییە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی رووسیا و پێشێلکارییەکانی رژێمی سووریا".

ئەحمەد داوودئۆغڵۆ جەختیشی کرد لەسەر "پێویستیی رێگە نەدان بە دابەشکردنی سووریا"، و گوتیشی: "بناغەی سیاسیی لە سووریای نوێ پێویستە نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان بکات و کەس پەراوێز نەخات".

سەرۆک وەزیرانی تورکیا هاوکات ئاماژەی بۆ کۆبوونەوە چاوەڕوانەکەی کرد کە بڕیارە لەگەڵ ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و مارک روتیه، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا لە پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەبچێ و پێشهاتەکان لەسەر سنووری سووریا تاوتوێ بکەن.

هاوکات بڕیارە لەو کۆبوونەوە پرسی جێبەجێکردنی پلانی کار تایبەت بە پێداویستییە ئەمنییەکانی تورکیا و هاوکاریکردنی ئەنقەرە بۆ رێگەگرتن لە چوونی بە لێشاوی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا تاوتوێ بکرێت.

ئەم لێدوانانەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا دوای لێدوانێکی وەزیری بەرگریی تورکیا، عیسمەت یەڵماز رایگەیاند سوپای وڵاتەکەی زیاتر لە هەموو کاتێک، تەواو ئامادەیە بۆ جەنگ.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ نارەزایی تورکیا بەرامبەر پێشڕەویی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە نوێترین هەڵوێستەکانیدا ئەنقەرە راستەوخۆ هەڕەشەی لێکردن و سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتیانی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد.

هاوکات حەسەن روحانیی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دەمانەوێ سووریا بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی بمێنێتەوە و ئامانجی سەرەکیی گەڕاندنەوەی ژیانی ئاساییە بۆ گەلی سووریا و کۆتاییهاتنی جەنگ و لەناوبردنی تیرۆر لە سووریا و گەلی سووریا مافی بڕیاردانی هەبێ لە دیارکردنی چارەنووسی خۆی".

سەرچاوە: ئەنادۆلۆ، ئیرنا، ئا: ئا ، ف