هۆڵەندا: پێویستە تورکیا پەنابەرە نا سوورییەکان وەربگرێتەوە

K24-هەولێر

مارک رۆتی، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند پێویستە تورکیا هەموو پەنابەرە نا سوورییەکان وەربگرێتەوە و هەوڵی زیاتر بدات بۆ رێگەگرتن لە هاتنی کۆچبەرانی سووریا لە کەناراوەکانییەوە.

مارک رۆتی، ئەمڕۆ دووشەممە، پێش بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی 28 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لە برۆکسڵ لەبارەی رێگەگرتن لە چوونی بە لێشاوی کۆچبەران بۆ ئەوروپا، راشیگەیاند: "زۆر گرنگە تورکیا سەرەتا ئامادە بێ بۆ وەرگرتنەوەی هەموو پەنابەرە نا سوورییەکان".

سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا گوتیشی: "ئەمە بەس نییە، لە کۆتاییدا دەمانەوێ ئەنجام ببینین بۆ بە یەکجاریی رێگەگرتن لە هاتنی کۆچبەرانی سووریا لە کەناراوەکانی تورکیاوە، لەگەڵ تورکیاش هاوڕاین لەبارەی پێویستی دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی دۆخەکە بە قۆناغ، ئەمەش کۆچبەرانی نا سووریی دەگرێتەوە و لە کۆتاییدا کۆچبەرانی سووریاش دەگرێتەوە".

سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا جەختیشی کرد لەسەر ئەوەی: "خواستی هاوبەش" دانانی سنوورێکە بۆ قاچاغچییەکانی مرۆڤ و گەشتە ترسناکەکانی پەڕینەوە لە دەریای ئیجە.

ئەم لێدوانانەی سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا دوای رۆژێک هات لە کۆبوونەوەی ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە مەبەستی هەماهەنگیی کردن لە نێوان هەردوولا بۆ رێگە گرتن لە چوونی بە لێشاوی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا 1.25 ملیۆن پەنابەر گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف