فڕۆکەکانی عێراق 50 چەکداری داعشیان کوشت

K24-هەولێر

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند فڕۆکەکانی جۆری F16ی عێراق لە بۆردومانێکدا 50 چەکداری رێکخراوی داعشیان لە شارۆچکەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک کوشت.

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "فڕۆکەکانی جۆری F16ی عێراق لە بۆردومانێکدا بۆ سەر مۆڵگەکانی رێکخراوی (داعش) لە شارۆچکەی حەویجە (45 کم باشووری رۆژئاوای کەرکووک) 50 چەکداری رێکخراوەکەیان کوشت کە بەشێکیان هاووڵاتی وڵاتانی قەوقازن و خۆیان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەی خۆکوژیی ئامادە دەکرد".

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق گوتیشی: "بۆردومانەکە بووە هۆی داڕمانی چوار بارەگای رێکخراوە و چوار کارگەی بۆمبرێژکردن و مووشەکی دژە فڕۆکە کە رێکخراوەکە بۆ رووبەڕووبونەوەی فڕۆکە بەکاریانی دەهێنا".

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە زۆربەی زۆری ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای کەرکووک وەک خودی شارۆچکەی حەویجە و شارەدێکانی زاب و ریاز و عەباسی و رەشاد لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە تا ئێستا لە بندەستی داعشدان.

ئا: ئا ، ف