"پێویسته‌ توركیا گفتوگۆكانی ئاشتی له‌گه‌ڵ كورد ده‌ستپێبكاته‌وه‌"

تورکیا وەك وڵاتێکی کاندید بۆ ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا پێویستە وەڵامی داواکارییەکانی ئەو یەکێتیيە بداتەوە

K24 - هه‌ولێر:

فێدریکا مۆگیرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: "سەلاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی ھەدەپەی بینینوە و باسی پەیوەندیەكانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپایان کردووە".

مۆگیرینی ئاشكرای ده‌كات ئه‌وان وه‌ك یەکێتی ئەوروپا داوایان لە تورکیا کردووە, ئەگەر دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتيیەکەیان پێویستە گفتوگۆكانی ئاشتی لەگەڵ کورد دەستپێبکاتەوە و  مافەکانیيان دەستەبەربکات.

مۆگرینی له‌ باره‌ی دیدارى نێوانییان له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) گوتی: "بەخۆشحاڵیيەوە ئەمڕۆ بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیام بینی و چەند بابەتێکمان باسکرد, لەوانە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا. ھەروەھا دەسپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا و کورد.

له‌ باره‌ی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ و وڵاته‌، مۆگرینی گوتی: "تورکیا وەك وڵاتێکی کاندید بۆ ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا پێویستە وەڵامی داواکارییەکانی ئەو یەکێتیيە بداتەوە کە دەیەوێت ببێتە ئەندامی, رێز لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا بگرێت و رێز گرتن لە مافی رادەربرین بگرێت کە سەرتایترین مافی مرۆڤە".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئەمانە کرۆک و خاڵی زۆر سەره‌کین لەلای یەکێتی ئەوروپا بۆیە ھەر وڵاتێک کە دەیەوێ بێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە پێویستە لە چوارچێوەی وڵاتەکەیدا ھەموو ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات, ئەمە گرنگترین بابەتە و ئەمرۆ لەگەڵ بەرێز داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی تورکیا باسی لێوە دەکەین".